عێراقچی: ئەمریکا هێرشیکردووەتە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەی ئێران
عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران، رایگەیاند، ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران پێشێلکارییەکی گەورەی کردووە.
عەباس عێراقچى، لە تۆڕى ئێکس نووسیویەتى "ئەمریکا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، پێشێلکارییەکی گەورەی پەیماننامەى نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی کردووە".
راشیگەیاند، "رووداوەکانی ئەم بەیانییە شۆکهێنەر و شەرمەزارکەرن و لێکەوتەی بەردەوامیان دەبێت، پێویستە هەموو ئەندامێکی نەتەوەیەکگرتووەکان هەست بە نیگەرانییەکی جددی بکات لەم رەفتارە لە رادەبەدەر مەترسیدار و نایاسایی و تاوانکارییە".
وەزیرى دەرەوەى ئێران، ئەوەشى دووپاتکردووەتەوە، "بە پشتبەستن بە ناوەرۆکی بڕیار و یاساکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە چوارچێوەی بەرگری رێگە بە وەڵامدانەوەی رەوا دەدرێت، ئێرانیش هەموو بژاردەکان بۆ بەرگری لە سەروەری و بەرژەوەندی و گەلی خۆی بە رەوا دەزانێت".
ئەمە لەکاتێکدایە بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـى حوزەیران، ئەمریکا لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە هێرشى کردە سەر هەر سێ وێستگەى ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لە ئێران.
22/06/2025