پنتاگۆن 130 ملیۆن دۆلار بودجەی نوێ بۆ هەسەدە و سوپای سووریای ئازاد تەرخاندەکات

پنتاگۆن بودجەی ساڵی 2026ـی بۆ کۆنگرێس نارد بۆ پەسەندکردن، تیایدا بڕی 130 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و سوپای سووریای ئازاد، بۆ ئەنجامدانی مەشق و راهێنان بەو هێزانە و دابینکردنی کەرەستە سەربازییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، واشنتن بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریای ئازاد و جەختیشیان لەوەکردووەتەوە، ئامانجی ئەم پاڵپشتییە بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی ئەو رێکخراوە.
بودجە تەرخانکراوەکە بە بڕی 130 ملیۆن دۆلارە و بۆ پشتیوانییە لە راهێنان و ئامادەکردنی ئەو هێزانە و پاراستنی ئەو کامپانەی ئەندام و لایەنگر و خێزانی داعشیان لە رۆژئاوای کوردستان تیادایە، جگەلەوەش مەبەست لە تەرخانکردنی ئەو بودجەیە، فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە داعشە لە باکووری رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی سووریا.
ئەو بڕەی ئەمساڵ، بەراورد بە بودجەی تەرخانکراوی ساڵی رابردوو کەمترە، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییانەیە، کە ئیدارەی ترەمپ ئەنجامیداوە، کە خۆی لە کەمکردنەوەی خەرجییەکاندا دەبینێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە 13%ـی بودجەی 2026ـی ئەمریکا بۆ خەرجییە بەرگرییەکان تەرخانکراوە، کە لە زیاتر لە تریلیۆنێک دۆلاری ئەمریکییە.
06/07/2025