دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا: پێشێلکاری بەرامبەر دەمیرتاش کراوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە

دادگای ئەوروپا رایگەیاند، دەستبەسەریی ماوەدرێژی دەمیرتاش و دەستبەسەرکردنی بە هۆکاری سیاسی، پێشێلکردنی رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە.

دادگای مافی مرۆڤ لە ئەرووپا بڕیاری لەبارەی سکاڵای پارێزەرانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دا و لەو بارەیەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد.

دادگاکە، دووبارە دەستبەسەرکردنەوەی دەمیرتاش لە 20ـی ئەیلولی 2020، پاش بڕیاری ئازادبوونی، بە سیاسی و نابابەتی ناودەبات و دەڵێت، هۆکاری مانەوەی دەمیرتاش بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەستبەسەرییدا، سیاسییە.

وەک لە بڕیاری دادگاکەدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی دادگای دەستووریی تورکیا بەشێوەیەکی ورد لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکە نەکردووە، مافەکانی دەمیرتاش لەو بارەیەشەوە پێشێلکراوە.

دادگاکە دەشڵێت، ئامانج لە نەگرتنەبەری رێکاری پێویست، سنوردارکردنی دیموکراسییەت و دژایەتیکردنی فرەیی سیاسییە. هەر بۆیە تورکیا لە چەندین رووەوە چەند ماددەیەکی رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای پێشێلکردووە.

ئەگەر تورکیا پابەندی بڕیارەکانی دادگەکە بێت، پێویستە 35 هەزار یۆرۆ، قەرەبووی ماددی بە دەمیرتاش بدات و 20 هەزار یۆرۆش خەرجی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بدات.

دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا، پێشتر لە 20ـی تشرینی دووەمی 2018 چەند بڕیارێکی لەبارەی دەمیرتاشەوە دەرکرد و رایگەیاند، مافی دەمیرتاش بۆ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە پێشێلکراوە، سنووری مافەکانی کەمکراوەتەوە و بە هۆکاری سیاسیی دەستبەسەر کراوە. بەو جۆرەش تورکیا بڕگەی سێی ماددەی پێنج و ماددەی 18ـی رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی لە ئەوروپا پێشێلکردووە.

دادگاکە داوای لە تورکیا کردبوو، دەستبەجێ دەمیرتاش ئازاد بکات، بەڵام تورکیا داواکەی رەتکردەوە و رۆژێک دواتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا پەیوەندی بە "ئێمەوە" نییە.

دەستگیرکردن و رووداوەکانی پاش دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش

چواری تشرینی دووەمی 2016، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە و نۆ پەرلەمانتاری پارتەکە دەستگیرکران، پاشان خرانە زیندان.

دەمیرتاش لە حەوتی کانوونی یەکەمی 2018 و لە کاتێکدا دەستبەسەر بوو، لەلایەن دادگایەکی ئیستانبوڵەوە بە چوار ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردن سزادرا. بەو جۆرەش دەمیرتاش وەک تۆمەتبار و سزادراوێکیش لە زینداندا مایەوە.

لەسەر ناڕەزایەتییەکان دژی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا، دۆسیەکە رەوانەی فەرمانگەی مەزنی دادگاکە کرا و فەرمانگەکە بڕیاریدا لە 18ـی ئەیلولی 2019 لە ستراسبۆرگ لەبارەی دۆسیەکە دابنیشێت.

لە دووی ئەیلولی 2019 بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش لە یەکیک لە دۆسیەکان دەرکرا. لە دانیشتنەکەی 18ـی ئەیلولی دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا، نوێنەری تورکیا گوتی، دەمیرتاش بە تۆمەتێکی دیکە دەستبەسەرە.

دوو رۆژ دواتر، واتە لە 20ـی ئەیلولی 2019، بڕیاری دەستبەسەرکردن لەسەر دۆسیەی کۆبانێ بۆ دەمیرتاش دەرکرا. بەو جۆرەش سەرەڕای بڕیاری ئازادبوونی، بەڵام بەهۆی بڕیاری دەستبەسەرکردنی لەسەر دۆسیەی کۆبانێ، لە زینداندا هێڵدرایەوە.

لە 15ـی ئایاری 2024 و پاش چەند ساڵێک لە دادگاییکردنی لەسەر دۆسیەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2014، کە لە شارەکانی باکووری کوردستان بۆ پشتگیرکریکردن لە رۆژئاوای کوردستان لە دژی داعش بەڕێوەچوون، کە بە دۆسیەی کۆبانێ دەناسرێت، بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادرا.

دۆسیەی کۆبانێ بۆ ئەو خۆپیشاندانانە دەگەڕێتەوە، کە لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 بەڕێوەچوون و تێیدا 37 کەس کوژران، کە زۆرینەیان ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە بوون.

لە دۆسیەکەدا 108 کەس دادگاییکران کە 18 کەسیان دەستبەسەربوون. لە هەمان دۆسیەدا سزای 30 ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن بەسەر فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەدا سەپێندرا.