دادگای تورکیا ئازادکردنی دەمیرتاشی رەتکردەوە
دادگای تورکیا ئەو داواکارییەی بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمریرتاش و حوکمدراوانی دیکەی دۆسییەی پیلانگێڕیی کۆبانێ پێشکەشکرابوو، رەتکردەوە.
سەرەڕای ئەوەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سێ جار بڕیاری لە بەرژەوەندییان داوە، دادگای 22ـی سزا قورسەکانی ئەنقەرە ئەو داواکارییەی رەتکردەوە کە بۆ ئازادکردنی حوکمدراوانی دۆسییەی پیلانگێڕیی کۆبانێ، لەنێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) پێشکەشکرابوو.
دادگاکە یەکلایینەبوونەوەی تەواوەتی دوا بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای بە هۆکاری رەتکردنەوەی داواکارییەکە و ئازادنەکردنی بەندکراوانی دۆسییەی پیلانگێڕیی کۆبانێ داناوە.
پارێزەرانی دۆسییەکە مافی ئەوەیان هەیە تانە لە بڕیارەکەی دادگا بدەن.
دەمیرتاش کە لە میانەی دۆسییەی پیلانگێڕیی کۆبانێدا بە 42 ساڵ زیندانییکران سزادراوە، نۆ ساڵ لەمەوبەر و لە 4ـی تشرینی دووەمی 2016دا لە ماڵەکەی خۆی لە دیاربەکر دەستگیرکرا و دواتر فەرمانی بەندکردنی بۆ دەرکرا.
ئەگەرچی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دوو جار و دادگای دەستووری تورکیاش جارێک بڕیاری لە بەرژەوەندیی دەمیرتاش بەمەبەستی ئازادکردنی داوە، بەڵام هێشتا ئازادنەکراوە.
دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە هەشتی تەمموزدا بڕیاریدا بەوەی مافی دەمیرتاش پێشێلکراوە بەو واتایەى دەبێت ئازاد بکرێت.
دوا بەدوای ئەوەش پارێزەرانی دۆسییەی پیلانگێڕیی کۆبانێ داواکارییەکیان بۆ ئازادکردنی حوکمدراوانی دۆسییەی پیلانگێڕیی کۆبانێ پێشکەشکرد.
19/07/2025