حاڵەتێکى نوێی تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمارکرا

تای خوێنبەربوون یەکێکە لە نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان
تای خوێنبەربوون یەکێکە لە نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکردنى حاڵەتێکى نوێی تای خوێنبەربوونى لە دهۆک راگەیاند.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەشکردووە، تووشبووەکە پیاوێکی دانیشتووی شارۆچکەی سێمێلە و تەمەنی 43 ساڵە، گۆشتفرۆش بووە و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە.

راشیگەیاندووە: تووشبووەکە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی جێگیرە.

وەزارەتی تەندروستی جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەت بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى پەتاکە دەکاتەوە و داواش لە هاونیشتمانیان دەکات، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ تیمەکانی ڤێتەرنەری ئاگاداربکەنەوە.

بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى لە ئەمساڵدا نۆ حاڵەتى تای خوێنبەربوون لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراون و دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.