
بۆردی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە حکومەت کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەى کشانەوە لە حکومەت کرایەوە.
ئەمڕۆ شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026 بۆردی حکومەت و ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکان و زانکۆکان بەسەرپەرشتی سەمیر هەورامی ، لێپرسراوی بۆرد و ئامادەبوونی ئەندامانی بۆردەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پێشهات و دۆخی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستان تاوتوێکراوە.
جەختکرایەوە لە گرتنەبەری ئامادەکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی بریاری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سەبارەت بە کشانەوە لە حکومەت.
یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان چەندین پۆستى باڵاى لە حکومەت، سەرۆکایەتى و فەرمانگە و دەستە و دەزگاکان هەیە. بۆردى حکومەت هەنگاوەکانى بۆ کشانەوە دەستپێکردووە و کەناڵ8 ئەوەى دەستکەوتووە، لە سەرەتاى ئەم هەفتەیە ناچنەوە بۆ سەر کارەکانیان و بڕیارەکەى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێبەجێ دەکەن.
ڕۆژى 5ـى تشرینى دووەم، پاش تەواوبوونى کۆبوونەوەى سەرکردایەتى یەکێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانى، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "ئەم حکومەتە فەشەلى هێناوە، بۆیە یەکەم بڕیارى سەرکردایەتى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، دواى ئەم شتە، ئەوەیە، کە ئێمە لەم دەقەیەوە ئەکشێینەوە لەم حکومەتە فاشیلە، کە بەخۆى دەڵێت، حکومەتى کوردستان".
بڕیارەکەى بافڵ جەلال تاڵەبانى، پاش ئەوە هات، پارتى بەبێ یەکێتی، جوڵانەوەى نەوەى نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ و لایەنى دیکە، دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمانى هەڵبژارد.