
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین شارو شارۆچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە.
بەهۆى نالەبارى کەشوهەوا و ئەگەرى بەردەوامبوونى بارانبارین، لە ناوەندەکانى خوێندنى کەرکووک و سەڵاحەدین و شارۆچکەى چەمچەماڵ سبەى کرایە پشوو.
ڕێبوار تەها، جێگرى یەکەمى پارێزگارى کەرکووک، ڕایگەیاند، بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و ئەگەرى بەردەوامی کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لە کەرکوک و دەوروبەری، بڕیاریان دا سبەى تەنیا لە قوتابخانەکان و باخچەکانی منداڵان، پشوو بێت.
بڕیارەکە لەپێناو پاراستنی خوێندکاران و قوتابیان دراوە بەتایبەت لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان.
لەگەڵ ئامادەباشیی تەواوی فەرمانگە خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.
داوا لە هاونیشتمانییانى کەرکوک و دانیشتووانی ناوچەکانی سەر ڕێڕەوی زێی بچووک و ئەو شوێنانەی ڕووبەڕووی لافاو دەبنەوە دەکەین بۆ بپاراستنی گیانیان لەو شوێنانە دووربکەونەوە.
داوا لە شۆفێرانی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلەکان دەکەین لە کاتی هاتوچۆکردن لە ڕێگا دەرەکییەکاندا وشیار و بەئاگابن.
هاوکات قائیمقامییەتى چەمچەماڵ، ئاگاداری سەرجەم خوێندکارانی سنووری شارۆچکەکە دەکاتەوە، بەهۆی نالەباری کەشوهەوا، بەڕاوێژ لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لەسەر فەرمانی قائیمقامی چەمچەماڵ سبەی یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سەربە پەروەردەی چەمچەماڵ پشووی فەرمییە، ڕاشیگەیاندووە، تاقیکردنەوەکانى سبەى دەخرێتە ڕۆژی دواتر.
هەیسەم زەهوان پارێزگارى سەڵاحەدینیش بڕیاریدا سبەى لە سەرجەم خوێندنگاکانى سنوورى پارێزگاکە سبەى بکاتە پشووى فەرمى، هەروەها بڕیاریدا سبەى لە فەرمانگە حکومییەکان و خوێندنگاکانى شارۆچکەى سامەڕا پشووى فەرمى بێت.