
بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەخوڕەوە لە شاری هەولێر لافاو لەچەند گەڕەکێک دروستبووە و ئاو چووە چەندین ماڵەوە.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بۆ کەناڵ8 نێردراوە لەچەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو چەندین ئۆتۆمبێلی بردووە و زیانێکی گەورەی بە ناوچەکە گەیاندووە.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لافاوەکە زیانی زۆری بە خەڵک گەیاندووە و بەرگریی و فریاکەوتنی هەولێریش داوا لە هاوڵاتیانی شارەکە دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەیەتە دەرەوە بەهۆی مەترسی لافاوەوە.
لە گەڕەکى تەیراوە ئاو کۆبووەتەوە، زیان بەر هاونیشتمانییان و کاسبکاران کەوتووە، هەروەها لە شەقامى 120 مەترى لەنزیک نەخۆشخانەى میهرەبانی ئاستەنگى بۆ هاتوچۆ دروستبووە.
لە لە شەقامى 100 مەترى بەهەمان شێوە لافاو دروست بووە و چەند ڕێگایەک داخراون و ئاستەنگى هاتوچۆ دروست بووە،
بەهەمان شێوە لە شەقامى 60 مەترى لافاو دروست بووە و چەندین ئۆتۆمبێلی بردووە .
بازاڕى تەیراوە یەکێکە لەو بازاڕانەى بەردەوام ئاو تێیدا کۆدەبێتەوە و لافاو دروست بووە، کاسبکاران و هاونیشتمانییان چوون تاوەکو کەلوپەلەکانیان لە بازاڕەکە بهێننە دەرەوە تاوەکو تووشى زیانى دارایی زیاتر نەبن.
· بەهۆی بارانێکی زۆر بەداخەوە چەندین گەڕەک و شوێنیهەولێر زیانی پێکەوتوەو ئاوێکی زۆر چۆتەماڵان.
· تەواوی تیمەکانی حکومەت لەئێشکگرن و لەخزمەتی هاوڵاتیاندان.
· هەرچەند لە ئێستادا باران وەستاوە بەڵام بۆ سەلامەتیهاوڵاتیان و کارکردنی تیمەکان ، دوای هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەند دارەکان بڕیارماندا.
· سبەی لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە باخچەی ساوایانتا زانکۆ، بە حکومی و ئەهلیەوە، پشووی فەرمی بێت.
· سەرجەم بەڕێوەبەری فەرمانگەکان دەسەڵاتیان پێدراوە، هەر فەرمانبەرێک کە ئەمشەو ئاو چۆتە ماڵیەوە یان بەهۆی ئاستەنگی هاتووچۆ نەتوانێ بەیانی دەوام بکات، غیاب نەدرێ و بە پشوو بۆی هەژمار بکرێ.
· تەواوی کارمەند و فەرمانبەرانی لایەنە خزمەتگوزاری و بەهاناوەچوونەکان، لە ئێشکگری بەردەوام بن.
بەهۆی دۆخە لە ناکاوەکە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ڕگەیاندنی پشوو دەدەینە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان سەرپشکن لە ڕاگەیاندنی پشوو بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە.
هاوکات وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە، هاووڵاتییانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکەمانی گرتووەتەوە و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانتان لە مەترسیی ڕوودانی شۆرتی کارەبا، لە هەندێک گەڕەک و ناوچە بەتایبەت ئەو شوێنانەی ئاو لێیان کۆبووەتەوە، وەزارەت تیمەکانی سەرپشک کردووە بۆ بڕینی کاتیی کارەبا لە هەر شوێنێک کە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست بکات. دڵنیاتان دەكەینەوە کە تەنیا هۆکاری ئەم بڕینە کاتییە پاراستنی گیانی ئێوەیە و لەگەڵ ئاساییبوونەوەی ڕەوشەکە و نەمانی مەترسییەکان دەستبەجێ تەزووی کارەبا دەگەڕێندرێتەوە.
هەروەها وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، بەپشت بەستن بە پێشبینییەکانى دامەزراوەى کەشناسى و بوومەلەرزەى هەرێمى کوردستان و بەهۆی نالەبارى کەشوهەواى ناوچە جیا جیاکانى کوردستان، لەپێناو پاراستنى سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەردوو کەرتى گشتى و تایبەت، وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە رەچاوکردنى بارودۆخى کەشوهەواى ناوچە جیاجیاکان، دەسەڵات دەدرێت بە زانکۆکان و دامەزراوەکانى ترى سەر بە وەزارەت بۆ ئەوەى لە کاتى پێویستدا دەوام ڕابگرن.