
هەژمارى من ڕایگەیاند، سبەی مووچە پاش کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆی دابەش دەکرێت
هەژمارى من دەشڵێت، ئەوانەى فۆڕمى هەژمارى منیان پڕنەکردووەتەوە مووچە وەرناگرن
هەژمارى من ڕاشیگەیاند، یەک ملیۆن و 30 هەزار مووچەخۆر بەکارتى بانکى مووچە وەردەگرن
هەژمارى من: بەشداربووانى هەژمارى من یەک ملیۆن و 150 هەزار مووچەخۆرن
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، ڕۆژى یەکشەممە 8ـى تشرینى دووەم پاش کاتژمێر 12:00ـى پاشنیوەڕۆ مووچەى مووچەخۆران دابەش دەکرێت، هاوکات بۆ ئەم مانگەش 120 هەزار مووچەخۆر بە کاش مووچەى مانگى 10 وەردەگرن.
سبەی پاش دەستپێکردنى دەوامى فەرمى لە کاتژمێر 8:30 خولەکى سەرلەبەیانى پارەى مووچە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەگوازرێتەوە.
لەگەڵیدا پارە دەدرێتە بانکەکانى ناو هەژمارى من تاوەکو ئەى تى ئێمەکان پڕ پارە بکەن.
پاش کاتژمێر 12:00 پاشنیوەڕۆ مووچە دابەش دەکرێت.
نووسینگەى سەرەکى هەژمارى من بۆ کەناڵ8 جەختلەوە دەکەنەوە، بۆ ڕۆژى دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممە دابەشکردنى مووچە لەکاتژمێر 9:00 سەرلەبەیانى دەستپێدەکات.
مووچەى تشرینى یەکەم لە زیاتر 800 ئامێرى ئەى تی ئێمەوە دابەش دەکرێت .
یەک ملیۆن و 30 هەزار مووچەخۆر بە کارتى بانکى مووچە وەردەگرن.
ئەوانەى سوودمەندبوون لە پڕۆژەى هەژمارى من و ناویان تۆمار کراوە گەیشتووەتە، یەک ملیۆن و 150 هەزار کەس.
هێشتا 120 هەزار مووچەخۆر بە کاش مووچە وەردەگرن.
لەسەر ئاستى پارێزگاکان، هەولێر 424 هەزار مووچەخۆر، سلێمانى 384 هەزار مووچەخۆر، دهۆک 197 هەزار و هەڵەبجەش 25 هەزاریان تۆمارن لە هەژمارى من. کە ئەوانەی فەرمانبەرى مەدەنین ژمارەیان 400 هەزار مووچەخۆر ، پێشمەرگە و ئاسایش 245 هەزار مووچەخۆر، خانەنشینان 317 هەزار و کەسوکارى شەهیدان 68 هەزار تۆمار کراون.
کەناڵ8 زانیارى لە نووسینگەى سەرەکى پڕۆژەى هەژمارى من وەرگرتووە، بۆ مووچەى مانگى 10 ئەو مووچەخۆرانەى، فۆڕمی هەژمارى منیان پڕنەکردووەتەوە مووچەیان پێنادرێت، کە لەکۆى یەک ملیۆن و 191 هەزار هێشتا نزیکەى 40 هەزار مووچەخۆر هەژمارى منى پڕنەکردووەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، چوارى تشرینى دووەم، وەزارەتی دارایی عێراق بڕى 834 ملیار و 920 ملیۆن دیناری مووچەی مووچەخۆرانی نارد، دواتر وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە کە ڕۆژی یەکشەممە 8ـى تشرینى دووەم، بە مووچەی خانەنشینانی شارستانی و پێشمەرگە دەستپێدەکات.