
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی ئاشکرایکرد، لە ئەمساڵدا ڕێژەیەکی زۆر باران باریوە، بەراورد بە ساڵی پار.
بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا وەرزی دابارین دەستی پێ نەکردبوو.
کەشناسی دەشڵێت، چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە دۆخی سرووشتی باران ببارێت
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لەمساڵدا بڕێکی زۆر باران باریوە و چاوەڕێدەکەین وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ درێژتر بێت و بارانیش زیاتر لە دۆخی سروشتی ببارێت، چونکە وەکخۆی دەڵێت، ئەمساڵ بارانبارین زووتر دەستیپێکردووە.
لە ساڵی ڕابردوودا ئاماری بارانبارین تاوەکو ئەمڕۆ یەکجار کەمە و نزیکە لە سفر.
ساڵی ڕابردوو لە 15ـی تشرینی دووەمەوە بارانبارین دەستیپێکرد.
لە ئەمساڵدا تاوەکو ئێستا زۆرترین ڕێژەی باران لە کانی ماسی باریوە لە پارێزگای دهۆک کە بڕەکەی 199.4 ملیمەترە.
لە هەریەکە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکوک و هەڵەبجەش بارانبارین بەمشێوەیە بووە: هەولێر: 45.2 ملم، سلێمانی: 69.6، دهۆک: 91، کەرکووک: 19.8 و هەڵەبجە: 59 ملیمەتر باران باریوە.
بە گوێرەی شارەزایان کەشناسی بەهۆی گۆڕانکارییە جیهانییەکانی کەشوهەواوە ڕێژەی دابارین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەبێـت و کاریگەریی زەریای ئەتڵەسی و دەریای ناوەڕاست لەسەر ناوچەکە بەردەوام دەبێت .