شاندێکی پارتی بە ناوی حکومەتەوە دەچێتە بەغداد ؛ یەکێتی بەشدار نابێت

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

پووختەی هەواڵەکە

  • شاندێکی پارتی لە ناوی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە دەچنە بەغداد.

  • بەرپرسانى یەکێتیی بەشدارنابن لەو شاندەی دەچێتە بەغداد.

  • گوتەبێژى وەزارەتى داراییش دەڵێت، ئاوات شێخ جەناب ناچێتە بەغداد و لەسەر هەڵوێستەکەى بەردەوامە.


شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان دەچێتە بەغداد بەناوى حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستانەوە لەبارەى پرۆژە بودجەوە، گوتەبێژى وەزارەتى داراییش ئەوەى دووپاتکردەوە ئاوات شێخ جەناب ناچێتە بەغداد.


کێ دەچێت و کێ ناچێت ؟

  • هونەر جەمال، گوتەبێژى وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى کاربەرێکەرى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" ئاوات شێخ جەناب ناچێتە بەغدادو سەرۆکایەتى هیچ شاندێکى حکومى ناکات".

  • هونەر جەمال دەشڵێت، ئاوات شێخ جەناب لەسەر هەڵوێستەکەى پێشترى بۆ دەستکارکێشانەوە بەردەوامە و سوورە لەسەرى.

  • هەروەها کەناڵ8 پەیوەندى بە بەرپرسانى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کردو ئەوەیان دووپاتکردەوە، کە شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ پرسى بودجە دەچنە بەغداد نەک شاندى حکومەت،.

  • دکتۆر ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران، دکتۆر ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بودجە بەشدارنابن لە هیچ شاندێک بۆ بەغداد.

  • بەرپرسانى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە حکومەتى کاربەڕێکەر، هەموو پابەندن بەبڕیارەکەى بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژى سێشەممە 10ـى تشرینى دووەم، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق تایبەت دەبێت بە ڕەشنووسى پرۆژە بودجەى 2027ـى عێراق.

فەرهاد عەلادین، ڕاوێژکارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێشتر بە کەناڵ8ـى گوتبوو، کە کۆبوونەوەى رۆژى سیشەممە تایبەت دەبێت بە پڕۆژە یاساى بودجە و تاوتوێى و گفتوگۆ لەسەر ماددە و بڕگەکانى دەکرێت.

بودجەی 2027

کۆى پرۆژەیاساکە بریتییە لە 31 ماددە و ماددەى 10 تایبەتە بە هەرێمى کوردستان، کە 12 تریلیۆن دینارى قەرز کە لە ماددەى 10ـى پڕۆژەى بودجە داواکراوەتەوە لادەبرێت و بەغداد ئامادەیە پشکى هەرێمى کوردستان زیاد بکات بۆ زیاتر لە 13%. و بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە، داواى غازى سروشتى لە هەرێمى کوردستان نەکا و بۆ بودجەى ساڵى 2028 دوایبخات.

لە بەرامبەردا بەغداد داواى 445 هەزار بەرمیل نەوتى خاو لە ڕۆژێکدا دەکات و هەرێمى کوردستانیش دەڵێت تواناى 260 هەزار بەرمیلى نەوتیان لە رۆژێکدا هەیە.

کۆى گشتیی خەمڵێندراوى بودجە 217 تریلیۆن دینار بووە و کۆى داهاتیش 174 تریلیۆن دینارە و کورتهێنان 43 تریلیۆن دینار دیاریکراوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەشنووسى بودجە تاوتوێ دەکات

Loading related news...