ئەوروپا جارێکی دیکە داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات
ئەنجومەنی ئەوروپا، جارێکی دیکە داوا لە تورکیا دەکات سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیکەی هەدەپە ئازاد بکات. ئەنجومەنەکە داوای لە ئەنقەرە کردووە کە هەنگاوی یاسایی پێویست لەمبارەیەوە بگرێتەبەر و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەکاتەوە.
داواکاریی نوێی لیژنەی وەزیران
لە کۆبوونەوەکانی رۆژانی 15 تا 17ی ئەم مانگەدا، لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا باسی لە دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش کرد. داوای لە تورکیا کردووە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش جێبەجێ بکات. لیژنەکە بەڵگەکانی بە پێویست نەزانیوە بۆ زیندانیکردنی دەمیرتاش و پەرلەمانتارەکانی دیکەی هەدەپە، بۆیە پێی وایە زیندانیکردنەکانیان سیاسییە و پێشێلکردنی ئازادی بیروڕا و مافی نوێنەرایەتی سیاسییە.
نیگەرانییەکان لەسەر دادگاکانی تورکیا
لیژنەکەی ئەنجومەنی ئەوروپا نیگەرانیی خۆی دەربڕیووە لە تەواونەبوونی لێکۆڵینەوەکانی دادگای دەستووریی تورکیا سەبارەت بە دۆسیەی دەمیرتاش و هاوڕێکانی. داوای لە دادگاکانی تورکیا کردووە دەست بە رێکاری جێگرەوە و نوێ بکەنەوە. هەروەها داوا لە تورکیا کراوە سەبارەت بە دۆسیەکەی دەمیرتاش و گرتنەبەری رێکارەکان، هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا بکات. بڕیارە لیژنەکە لە کانوونی یەکەمی 2025 و ئازاری 2026 دوو کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی رێکارەکانی تورکیا.
دۆسیەی کۆبانێ: مەرجە چارەنووسسازەکان
لە نێوان رۆژانی شەش بۆ هەشتی تشرینی یەکەمی 2014، خۆپیشاندانەکانی تایبەت بە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان لە شارەکانی باکووری کوردستان بەڕێوەچوون، کە بەهۆیانەوە زیاتر لە 30 کەس کوژران. تورکیا لە سەرەتاوە دەمیرتاشی تۆمەتبار کرد بە بانگکردنی خەڵک بۆ سەر شەقام و توندوتیژی بەڵام دەمیرتاش ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە. پەرلەمانی تورکیا لە 20ی ئایاری 2016دا، مافی پارێزبەندیی لە دەمیرتاش سەندەوە.
دەستگیرکردن و سزادانی دەمیرتاش
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە چواری تشرینی دووەمی 2016 دەستگیرکرا. لە حەوتی ئەیلولی 2018دا، بەهۆی چەند وتارێکی ساڵانی پێشووی، سزای چوار ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردن بەسەریدا سەپێندرا و لە حەوتی کانوونی یەکەمی 2018، دادگایەکی ئیستانبوڵ سزاکەی پەسەندکرد. بەمەش دەمیرتاش کە هێشتا دۆسیەی کۆبانێی لەسەر یەکلایی نەکرابووەوە، لەسەر دۆسیەیەکی دیکە سزادرا و ئەمەش دۆسیەکەی قورستر کرد.
هاتنەدەنگی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا
دوای دوو ساڵ لە زیندانیکردنی دەمیرتاش و یەکلانەکردنەوەی دۆسیەکەی، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە 20ی تشرینی دووەمی 2018دا بڕیاری دا کە دەمیرتاش بە هۆکاری سیاسی زیندانیکراوە و رایگەیاند کە پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت. بەڵام رۆژێک دواتر، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی کە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ تورکیا پابەندکەر نین.
لە دووی ئەیلولی 2019، دادگای ئەنقەرە بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی دا، بەڵام تورکیا لە 18ی ئەیلولی 2019دا لە دانیشتنی دادگای ئەوروپا لە ستراسبۆرگ، رایگەیاند کە دەمیرتاش لەسەر دۆسیەیەکی دیکە سزادراوە (هەمان دۆسیەی چوار ساڵ و هەشت مانگ). پارێزەرانی دەمیرتاش داوایان کرد ماوەی مانەوەی لە زیندان (2016 تا 2019) وەک ماوەی سزادانی هەژمار بکرێت. بەڵام لە 20ی ئەیلولی 2019دا، دەمیرتاش لەسەر دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ، جارێکی دیکە زیندانیکرایەوە و ئەمەش هیواکانی بۆ ئازادبوونی لاواز کرد.
دۆسیەی کۆبانێ: بەرگرینامە و سزادانی قورس
دەمیرتاش بۆ یەکەمجار لە 25ی کانوونی یەکەمی 2023، لە چوارچێوەی دادگاییکردنی لەسەر دۆسیەی کۆبانێ، لەبەردەم دادوەردا بەرگریی لە خۆی کرد. ئەو گوتی، "یەک بەڵگەم لەسەر نییە و ئەو دۆسیەیەی لەسەرم کراوەتەوە، تۆڵەی سیاسییە، هەموومان دەستبەسەری سیاسیین." هەروەها لە درێژەی بەرگرینامەکەیدا، دۆسیەکەی بە "زبڵ" ناوبرد. لە دانیشتنی رۆژی 17ی نیسانی 2024دا گوتی، "هیچ داواکارییەکم نییە و داوای ئازادکردنی سەرجەم هاوڕێکانم دەکەم."
پاش چەند ساڵێک لە دادگاییکردن، لە 15ی ئایاری 2024دا، دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادرا. لەم دۆسیەیەدا 108 کەس دادگاییکران کە 18یان لە زینداندا بوون. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە هەشتی تەمموزی 2025، جارێکی دیکە زیندانیکردنی دەمیرتاشی بە سیاسیی ناوبرد و بڕیاری لەسەر ئازادکردنی دایەوە، سێ مانگی بۆ تورکیا دیاریکرد تا بتوانێت تانە لە بڕیارەکە بدات. ئێستا 22هەمین دادگای ئەنقەرە دەڵێت، تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا یەکلایی نەبووەتەوە و هەمووان چاوەڕێن سێ مانگەکە تەواو ببێت و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا هەڵوێستی نوێی خۆی بخاتەڕوو.
18/09/2025