تای خوێنبەربوون؛ 296 حاڵەت لە عێراق تۆمارکراوە و 42 کەس گیانیان لەدەستداوە
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 296 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە سەرتاسەری وڵاتدا تۆمارکراون کە 42 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە. زۆرترین حاڵەتەکان لە پارێزگای زیقار بوون.
ئاماری گشتیی عێراق
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 296 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و 42 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترین حاڵەتەکان لە پارێزگاکانی عێراق
بەدر ئاماژەی بەوەدا، زۆرترین حاڵەتەکان لە پارێزگای زیقار بووە، کە 114 حاڵەتی تووشبوون و 11 حاڵەتی مردن تۆمارکراوە. دواتریش پارێزگای بەغداد دێت بە 34 حاڵەتی تووشبوون و شەش حاڵەتی مردن. لە پارێزگای کەرکوکیش، پێنج حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە و چواریان گیانیان لەدەستداوە.
دۆخی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی گوتەکانی سەیف بەدر، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زۆرترین حاڵەتی تووشبوون و گیانلەدەستدان لە پارێزگای دهۆک بووە، کە شەش کەس تووشبوون و سیانیان گیانیان لەدەستداوە. لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانیش لە هەریەکەیان دوو حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نەبووە.
24/09/2025