
لەبارەی هەنگاوەکان بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند، دانانی بەردی بناغەی نەخۆشخانەی هیوای گەورە زۆر زۆر نزیکە.
د.یاد نەقشبەندی ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە کەناڵ8ـی گوت؛ پێشووتر کێشەی نەبوونی زەوییان هەبووە و ئەوەش لەڕێگەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکراوە و ڕووبەری 12 دۆنم زەوی لە باشترین شوێنی سلێمانی بۆ دروستکردنی تەرخانکراوە.
د. یاد نەقشبەندی باسی لەوەشکرد، دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە بە باشترین ستاندارد دەبێت و وەک چۆن ئێستا لەڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەوە نەخۆشخانەی هیوا، یەکەمی عێراقە، ئاواش لەڕووی شیاوی و گونجاوی باڵەخانەی نەخۆشخانەکەوە یەکەم دەبن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕوونیشیکردەوە، بۆ ئەو پرسە دەچنە فەڕەنسا و ڕێکخراوێکی بیانیش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ تەرخانکردنی 80 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردن و پاڵپشتی نەخۆشخانەکە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، هەرچەنە ئەم نەخۆشخانەیەی ئێستای هیوا گەورە بکەن بەگوێرەی پێویست نییە، چونکە نەخۆشخانەکە توانای سنووردارە بۆ خزمەتکردنی نەخۆشخانی هیوا و لەڕووی جوگرافییەوە نەگونجاوە، چونکە لەنێو گەڕەکدایە و سنوورەکەی پڕبووەتەوە.

