کاروان گەزنەیی بۆ فازڵ میرانی: لە ترسی باڵێکی خۆسەپێن قسەکانت گۆڕی
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە وەڵامێکدا بۆ فازڵ میرانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، ڕایگەیاند، کە گۆڕینی هەڵوێستی میرانی لە ماوەیەکی کورتدا، نیشانەی فشاری ناوخۆیی و زاڵبوونی "باڵێکی خۆسەپێن"ـە لەناو پارتیدا.
لە قسەی مەعقوڵەوە بۆ پاشگەزبوونەوە
گەزنەیی ئاماژەی بەوە کرد، کە فازڵ میرانی لە سەرەتادا "هەندێک ڕاستی مەعقوڵی" خستەڕوو، کە لەگەڵ کەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆیدا دەگونجا، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە، بە خێرایی لە قسەکانی پەشیمان بووەوە. وتەبێژی یەکێتی دەڵێت: "دیارە پارتی ئەمڕۆ، تەحەمولی قسەی ڕاستی بەرپرسەکانی خۆی ناکات."
سیاسەتێک کە "هەرزە سیاسی" دایدەڕێژێت
وتەبێژی یەکێتی هۆکاری ئەم پاشگەزبوونەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە سیاسەتی ئێستای پارتی لەلایەن "هەندێک هەرزە سیاسییەوە" دادەڕێژرێت. بە وتەی گەزنەیی، ئەم باڵە نوێیە ڕێگە بە هیچ دەنگێکی جیاواز نادات، تەنانەت ئەگەر لەناوخۆی حزبەکەشدا بێت.
فشار بۆ پاراستنی پێگە
کاروان گەزنەیی لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە فازڵ میرانی "لە ژێر فشاری باڵی خۆسەپێنی ڕوئیا دیوەخانی پارتی" و بۆ پاراستنی پێگەی خۆی، ناچار کراوە قسەگەلێک بکات کە "پێچەوانەی کەسایەتی و تێڕوانینی خۆیەتی."
08/11/2025