وەزارەتی کار: زیاتر لە 300 هەزار کرێکاری کەرتی تایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە

کرێکارانی کەرتی بیناسازی لە عێراق
کرێکارانی کەرتی بیناسازی لە عێراق

پووختەی هەواڵەکە

  • وەزارەتی کار ڕایگەیاند، زیاتر لە 300 هەزار کەس دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کاریان هەیە.

  • هەرکاتێک دابمەزرێن یان کارەکەیان بگۆڕن دەتوانن خزمەتەکەیان بگوازنەوە.


وەزارەتی کار و کاروباریی کۆمەڵایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکارانی بۆ سەرجەم کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت هەیە، ئێستا جێبەجێکردنی ئەو پڕۆسەیە جددییە و وەزارەتەکە دەڵێت، ڕۆژانە لیژنەکانمان بەسەر ناوەندەکانى کەرتى تایبەتدا دەگەڕێت بۆ بەدواداچوون لەوبارەیەوە.


بێستوون جەبار بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ کەناڵ8:

  • ئێستا جێبەجێکردنی بڕیاری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت جددی بووە و لەماوەی چەند ساڵى ڕابردوو توانیویانە سەدان هەزار کەس دەستەبەر بکەن.

  • ئێستا 315 هەزار کرێکاری کەرتی تایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە.

  • بەگوێرەى یاساى کار، هەرکرێکارێک لەدواى ئەوەى دەستەبەر دەکرێت، دواتر دابمەزرێت ئەوا ئەو خزمەتەى هەیبووە لەکەرتى تایبەت دەگوازێتەوە بۆ کەرتی گشتی، یان ئەگەر کارەکەی بگۆڕێت لە کەرتی تایبەت دەتوانێت بەهەمان شێوە خزمەتەکەی بگوازێتەوە.

لەبارەی خانەنشینبوونی کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەتەوە بێستوون جەبار گوتی، لەدوای 15 ساڵ خزمەت دەتوانن داوای خانەنشین بوون بکەن و مووچەکانیان وەربگرنەوە، یان ئەگەر لەکارەکەیان دەستبەرداربوون، دەتوانن وەکو پاداشتی خزمەت وەریبگرنەوە.

بەگوێرەى یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی:

هەر کرێکار یان کارمەندێکی کەرتی تایبەت، سندوقێکی بۆ دروستدەکرێت و مانگانە بڕی %17ی مووچەکەی دەچێتە ئەو سندوقەوە، کە %5ی پارەکە لە مووچەی کارمەندەکە دەدرێت و %12ی دەکەوێتە ئەستۆى کۆمپانیا یان دامەزراوەکە.

لەبارەی ئەگەری نەگەڕاندنەوەی ئەو پارەیە لەلایەن شوێنی کارکردنی کرێکارەوە لەدوای دەستبەکاربوونی لە کارەکەی، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار دەڵێت، کارمەند یان کرێکار دەتوانێت سەردانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بکات و داوای وەرگرتنەوەی پارەکە بکات، بەڵام پێویستی بە بەڵگەی پشتڕاستکراوە هەیە کە کارمەندی ئەو شوێنە بووە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

کێشەى خانەنشینى ئەو کارمەندى گرێبەستە حکومییانە چارەسەرکرا کە لە کەرتى تایبەت کاردەکەن

کەناڵ8

Sun Nov 22 2026

Loading related news...