لوقمان وەردی بۆ یەکەمجار دەستپێشخەری و هەوڵەکانی چارەسەر ئاشکرا دەکات.
بڕیار بوو بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ئەنجوومەنەکە دۆسیەی بەغداد وەربگرێت و مەسعود بارزانیش سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بێت.
لوقمان وەردی ڕەخنەی توند لە باڵێکی ناو پارتی دەگرێت و بە هۆکاری ناتەبایی و تێکچوونی دۆخەکە ناوی دەبات.
لوقمان وەردی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، لە مانگی شوباتدا یەکێتی و پارتی ڕێککەوتوون کە ئەنجوومەنێکی پارتە سیاسییەکان دروست بکرێت و مەسعود بارزانی سەرۆکی بێت، بەڵام ئاراستەیەکی ناو پارتی ڕێککەوتنەکەی تێک دا.
لێکتێگەیشتن هەبوو نزار ئامێدی بەربژێری هاوبەشی یەکێتی و پارتی بێت.
هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان بدرێت.
هەر کاتێک یەکێتی و پارتی ڕێک دەکەون و ڕێککەوتنەکە لە جێبەجێکردن نزیک دەبێتەوە، ئاراستەیەکی ناو پارتی تێکی دەدات.
لوقمان وەردی ئاماژەی بەوەش کرد: "لە هەموو جیهاندا نزیکەی 150 وڵات هەن کە خاوەنی سەرۆک، پاشا، یان سەرۆککۆمارن؛ کورد بەختی ئەوەی هەبووە تەنیا یەک سەرۆکی بەرکەوێت، ئەویش سەرۆککۆماری عێراقە. پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە لەگەڵ 149 سەرۆکەکەی دیکەدا تەبا بێت، بەڵام تەنیا لەگەڵ ئەو سەرۆکەدا ناکۆکە کە کوردە و تاوەکو ئێستاش مامەڵەی لەگەڵ ناکات"
بێگومان ئەو سەرۆککۆمارە پەکی نەکەوتووە و کاری خۆی دەکات.
مەبەستم ئەوەیە بۆ بەرچاوڕوونیی هاونیشتمانییان ڕوونی بکەینەوە کە کێ بەرپرسە و ئۆباڵی ئەم ناتەباییە دەکەوێتە ئەستۆی کێ.
لوقمان وەردی، باسی لە مامەڵەی پارتی لەگەڵ پارێزگای کەرکووک کرد و گوتی"لە کۆی 15 پارێزگاکەی عێراق، دەرفەت هەیە لە کەرکووک پارێزگار کورد بێت، وەک چۆن لە ساڵی ڕابردوودا کاک ڕێبوار بوو. ئەوان هیچ کێشەیەکیان نەبوو لەگەڵ 14 پارێزگارەکەی دیکە دۆست بن، پێشوازییان لێ بکەن و تەبا بن، بەڵام دژایەتیی تەنیا یەک پارێزگار کرا کە ئەویش کورد بوو".
دەنگیان بە پارێزگارە تورکمانەکە دا و چەپکەگوڵیشیان بۆ پارێزگارەکەی پێشووتر برد.
ئەمە سیاسەتێکی دروست نییە و خزمەت بە تەبایی، یەکڕیزی و پێکەوەبوون ناکات.
ئێستا نوخبەی ڕۆشنبیران، تێکۆشەران و هاونیشتمانییان هەموویان نیگەرانن بەم لێکترازانە و دەستیان لەسەر دڵیانە.
چونکە خەڵک و کەسمان حەز ناکەین نێوانی یەکێتی و پارتی تێک بچێت.
لوقمان وەردی، بە پێویستی دەزانێت جیاوازیی بکرێت لە نێوان ئەوەی کێ دەیەوێت دۆخەکە تێک بدات و کێ دەیەوێت ناوماڵی کورد ڕێک بخاتەوە.
ئەو، سەردانەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ پیرمام و درێژکردنی دەستی ئاشتەوایی وەک بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە هێنایەوە و گوتی: "بەڵام لایەنی بەرامبەر، هەر کاتێک ئێمە لە یەکتر نزیک دەبینەوە، چەند کەسێکیان ئامادەن و لێدوانی ئاگرین دەدەن بۆ ئەوەی دۆخەکە تێک بدەن؛ ئەمەش نەک جارێک و دووان، بەڵکو دەیان جار دووبارە بووەتەوە و پێم وایە هەموو هاونیشتمانییانیش ئەمە دەزانن."
بانێک و دوو هەوا؛ لە بەغداد دژی مەرکەزی و لە هەولێر پیادەکردنی مەرکەزییەت