ماددەکانی بەشەخۆراکی مانگانە بە دەگمەن بە ڕێکوپێکی دەدرێن.
بەشێک لە ماددەکان کوالێتییان خراپە و هاونیشتمانییان وەریان ناگرن.
یەکێک لە ماددەکان لەتکەنۆکە، ئێستا دەرکەوتووە ئەویش نۆک نییە.
سەبری ئەحمەد، بریکارێکی خۆراکە لە سلێمانی، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند: "ئەو ماددە خۆراکییەی بەناوی لەتکەنۆک دابەش دەکرێت، بەزالیای وشککراوە و لەتکراوە، کاتێک دەکرێتە ناو خواردنەوە دەنکەکەی زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەبێت." گوتیشی: "هەربۆیە زۆرینەی هەرەزۆری هاونیشتمانییان وەری ناگرن و ئەگەر پێویستییان بە لەتکەنۆک بێت لە دەرەوە دەیکڕن."
ئێستا بەهۆی جەنگی ناوچەکە و گرانبوونی ماددە خۆراکییەکان، زۆرینەی هاونیشتمانییان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرن.
مانگی ڕابردوو برنجی تایلەندی لە جیاتی برنجی ئەمریکی دابەش کراوە.
%90ـی هاونیشتمانییان برنجەکەیان وەرگرتووە چونکە جیاواز بووە لەوانەی پێشوو و تامی خۆش بووە.
کەناڵ8 پەیوەندیی بە کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی سلێمانییەوە کرد، گوتی: "ئەو ماددە خۆراکییانەی دابەش دەکرێن لە هەموو عێراق هاوشێوەی یەکن و ئێمە تەنیا دابەشی دەکەین، زانیاریمان نییە بەزالیایە یاخود لەتکەنۆکە."
لە هەرێمی کوردستان 95%ـی هاونیشتمانیان فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان هەیە
