موراد قەرەیلان: ڕۆیشتنی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵى هەنگاوێکی ئەرێنییە

موراد قەرەیلان، فەرماندەى هێزەکانى پاراستنى گەل هەپەگە، ڕایگەیاند، ڕۆیشتنى لیژنە پەرلەمانییەکەى تورکیا، بۆ ئیمڕاڵى و کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان هەنگاوێکى ئەرێنییە و پێویستە لیژنەى ناوبراو دەستبەجێ گوێ لە ئۆجەلان بگرێت.

هەلومەرجێک هەیە؛ مەترسی لە سەر هەموو ناوچەکە دروستدەکات

موراد قەرەیلان، لە میانى چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ میدیاى نزیک لە پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە، کە کەناڵ8 بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئاماژەى بەوەکرد، ئێستا هەلومەرجێک هاتووەتە ئاراوە، مەترسى لەسەر هەموو ناوچەکە درووست دەکات، پڕۆسەى دیزاین کردنەوەى ناوچەکە لە ئارادایە، بۆیە پێویستە کورد و تورک لەم پڕۆسە مێژووییەدا پێکەوە هەنگاو بنێن.

ئەو فەرماندەیەى هەپەگە، ئەوەشى خستەڕوو، هەرکەسێک لە سۆسۆلۆجیاى مێژوویی بەباشى نەزانێت و خوێندنەوەى بۆ نەکات، بەبێ ئەوەى مەترسییەکانى ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت، ناتوانێت لە ماناى بانگەوازەکەى دەوڵەت باخچەلى و وەڵامى ئۆجەلان تێبگات.

ڕۆیشتنی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵى هەنگاوێکی ئەرێنییە

قەرەیلان، ئاماژەى بەوەشکردووە، ڕۆیشتنى لیژنە پەرلەمانییەکەى پەرلەمانى تورکیا بۆ ئیمراڵى، هەنگاوێکى ئەرێنییە و پێویستە گوێ لە ئۆجەلان بگیرێت، چونکە ئەو بەردەنگى سەرەکى پڕۆسەکەیە.

قەرەیلان، ڕاشیگەیاند، گەلى کورد ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئیرادە و هێزە، ئەمە ڕاستییەکە و کەس ناتوانێت حاشاى لێبکات، بڕیارەکەى لیژنەکەى پەرلەمانى تورکیا بەمەبەستى چوونیان بۆ ئیمراڵى و کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، بڕیارێکى بەجێ و پێویست و درووستە.

لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا، موراد قەرەیلان، ڕایگەیاندووە، پێویستە لیژنە پەرلەمانییەکە، لە چارەسەرکردنى پرسى بنەڕەتى کورد دا ڕۆڵى هەبێت.

بۆ سەرکەوتنى پڕۆسەى ئاشتى پێویستە ئۆجەلان ئازاد بکرێت

هاوکات، گوتیشى، پێش هەموو شتێک بۆئەوەى ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکى ڕێکوپێک بەرەو پێش بچێت، پێویستە ئازادى جەستەیی ئۆجەلان بەدیبهێنرێت، لەو چوارچێوەیەش مافى هیوا زۆر گرنگە، بۆیە پێویستە گەلى کورد لە یاساى کۆمارى تورکیادا مافەکانى پارێزراوبێت، بۆیە دەمانەوێت ئەمە جێگیر بکەین، لەگەڵ ئۆجەلان کار بۆ درووست کردنى یەکێتى نێوان گەلانى کورد و تورک و عەرەب و تەواوى ناوچەکە و بونیادنانى یەکێتى دیموکراتیک هەنگاو دەنێین.

هەر زارێک ئۆجەلان هەڵیدابێت دوو شەش بووە

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، عەبدوڵا ئۆجەلان، فەرماندەى هێزەکانى پاراستنى گەل هەپەگە، ئاماژەى بەوەکردووە، هەرکەسێک بیەوێت داهاتووى تورکیا بپارێزێت، دەبێت بەرپرسیارانە لەم دۆخەدا هەنگاو بنێت، بۆیە ئۆجەلان لەم جۆرە پڕۆسە یەکلاکەرەوانەدا، هەنگاوى بوێرانەى ناوە و هەر زارێک هەڵیداوە دوو شەشى هێناوە، بۆیە ئێمە بڕوامان وایە، لەم کاتەدا هەر زارێک عەبدوڵا ئۆجەلان هەڵى بدات دوو شەش دەبێت و گەلى کورد سەردەکەوێت.