د. ڕەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی (تارگێت)ـی کەناڵ8ـەوە چەند پرسێکی هەستیاری کەرتی تەندروستی دەخاتەڕوو، لەوانە مەترسیی قۆرخکاری و بوونی دەرمانی ئالوودەکەر لە بازاڕدا.
بریکاری وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە، پێویستە خزمەتگوزاریی تەندروستی بە شێوەیەکی یەکسان پێشکەشی هاونیشتمانییان بکرێت. هەروەها هۆشداری دەدات لەوەی ناکرێت لەژێر ناوی "بە سیستم کردن"ـدا کەرتی تەندروستی قۆرخ بکرێت.
د. ڕەهێڵ فەرەیدون ئاشکرای دەکات، ماوەی دوو ساڵە عێراق دان بە بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا نانێت و کاریان پێ ناکات. ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی ئەوەی عێراق دامەزراوەی تایبەت بە خۆراک و دەرمانی دروستکردووە، کوالێتی کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان بەرەو نەمان دەڕوات.
لەلایەکی دیکەوە زانیارییەکی مەترسیدار دەخاتەڕوو و دەڵێت: "هەندێک دەرمانی هەستیار لەناو بازاڕدا بە ستیکەری کوالێتی کۆنترۆڵەوە هەن، کە مەترسیی ئەوەیان لێ دەکرێت بەکارهێنەر تووشی ئالوودەبوون بکەن".
د. ڕەهێڵ دۆخی ئێستای پرسی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بە "بابەتێکی زۆر هەستیار و خراپ" وەسف دەکات. هاوکات داوا لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکات، پشتیوانیان بن بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە ڕادەستکردنی کەرتی دەرمان بە کۆمپانیاکان.

