دیلان غەفوور: ملیارەها دینار بۆ باڵەخانەی گومرگی کەرکووک خەرج کراوە و تەنیا کەرەڤانە دەبینرێت

لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تایبەت بوو بە داهاتە نانەوتییەکان، دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری کەرکووک گومانی خستە سەر خەرجییەکانی دروستکردنی باڵەخانەکانی گومرگ لەو پارێزگایە و داوای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کرد.

ملیارەها دینار و چەند کەرەڤانەیەک

ئەو پەرلەمانتارە لە میانی ئاڕاستەکردنی پرسیارەکانیدا بۆ بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، داوای کرد لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی ئەو پارانە پێکیبهێنرێت کە بۆ دروستکردنی باڵەخانەکانی گومرگ لە کەرکووک تەرخان کراون. دیلان غەفوور ئاشکرای کرد، خۆی سەردانی مەیدانیی شوێنەکەی کردووە و بینیویەتی تەنیا چەند کەرەڤانەیەک لەوێ دانراون، لەکاتێکدا بە گوێرەی بەڵگەکان "ملیارەها دینار" بۆ ئەو مەبەستە خەرج کراوە.

پرسیار لەسەر یاساییبوونی بازگەکان

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەرەکەی کەرکووک پرسیاری خستە سەر شەرعییەتی دانانی بازگە گومرگییەکان لە کەرکووک و پارێزگاکانی هاوسنووری هەرێمی کوردستان. ئەو ڕاستەوخۆ پرسیاری ئەوەی کرد ئایا دانانی ئەو بازگانە لەناو خاکی یەک دەوڵەتدا یاسایین و ڕێگەپێدراون؟

دەرگایەک بۆ گەندەڵی و قاچاخچێتی

دیلان غەفوور هۆشداری دا لەوەی دانانی ئەم بازگانە لە بری ڕێکخستنەوە، دەرگایەکی نوێیان بەڕووی گەندەڵیدا کردووەتەوە. بە بڕوای ئەو، ئەم ڕێکارانە بوونەتە هۆی هێنانەناوەوەی کەرەستە بە ڕێگەی نایاسایی و دەربازکردنی کاڵا لە ڕێگە نافەرمییەکانی پشت بازگە فەرمییەکانەوە، کە دەرەنجام کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕ دروست کردووە.