عومەر شێخمووس: ڕایگشتیی جیهانی بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی دۆزی کورد
سیاسەتمەدارێکی کورد ئاشکرای دەکات، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) دزەی کردووەتە ناو بەشێک لە چەکدارانی سوپای سووریا و ڕۆڵیان لە تێکدانی سەقامگیریی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب هەبووە، هاوکات پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ دۆزی کورد دووپات دەکاتەوە.
هۆکارەکانی گرژی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە
عومەر شێخمووس، سیاسەتمەداری کورد لەدیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵ8، ڕایگەیاند، فاکتەری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و دەستتێوەردانەکانی تورکیا هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی گرژییەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەن. ئاماژەی بەوەش کرد، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ڕۆڵێکی خراپیان لەم ئاڵۆزییانەدا گێڕاوە.
دزەکردنی هەواڵگریی تورکیا بۆ ناو سوپا
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئاشکرای کرد، بەشێک لەو چەکدارانەی لە ناو سوپای سووریادان، لەژێر فەرمان و کۆنتڕۆڵی حکومەتی سووریادا نەماون. بە گوتەی شێخمووس، ئەم چەکدارانە ڕاستەوخۆ کار بۆ دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) دەکەن و ئامانجیان تێکدانی پێکەوەژیان و کارکردنە دژی سەرجەم پێکهاتەکانی وڵاتەکە.
پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان
لەبارەى پێگەی کورد لەسەر ئاستی جیهان، عومەر شێخمووس ئەو بۆچوونانەی ڕەتکردەوە کە باس لە پشتتێکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کوردانی ڕۆژئاوا دەکەن. ئەو جەختی کردەوە، ڕایگشتیی جیهانی بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی دۆزی کورد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتا بە گرنگییەوە لەم پرسە دەڕوانێت.
پێگەی ستراتیژیی کورد لە ناوچەکەدا
لە کۆتایی قسەکانیدا، شێخمووس ئاماژەی بەوەکرد، زۆریی ژمارەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەمەندیی خاکەکەیان بە سەرچاوە سروشتییەکان، وایکردووە وڵاتانی جیهان نەتوانن چاوپۆشی لە داهاتووی کورد بکەن. جەختی لەوەش کردەوە، ئەم فاکتەرە جوگرافی و دیمۆگرافییانە وایانکردووە پێگەی کورد لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا بە بەهێزی بمێنێتەوە.
15/01/2026