محەممەد ئیسلامی: مەرجمان هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر ئێرانە

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەربڕی، بەو مەرجەی سەرجەم سزاکانی سەریان هەڵبگیرێت.

کەمکردنەوەى پیتاندن لەبەرامبەر هەڵگرتنى سزاکان

محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، تاران ئامادەیە بۆ کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئەگەری هەڵگرتنی سەرجەم ئەو سزایانەی بەسەریاندا سەپێنراون، ئەمەش لەکاتێکدایە خولێکی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوون و چاوەڕوان دەکرێت بەمزوانە خولێکی نوێ دەستپێبکاتەوە.

ئەگەرى دەستبەرداربوون لە پیتاندنى یۆرانیۆم

سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەى ئەگەری دەستبەرداربوون لە ڕێژەی پیتاندنی 60%ـی یۆرانیۆم بۆ ئاستە نزمەکان ڕایگەیاند، ئەو پرسە پەیوەستە بە هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر وڵاتەکەیان، بەبێ ئەوەی دیاریبکات کە مەبەستی هەموو سزاکانی سەر ئێرانە، یان تەنیا ئەو سزانەی لەلایەن ئەمریکاوە سەپێنراون.

عێراقچى: دەخوازین دانوستانەکان زیاتر جدى بن

ئەمە لە کاتێکدایە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی، سەرەڕای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بێمتمانەییەکی قووڵ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە و ئەوان دەخوازن دانوستانەکان زیاتر جددی بن و بگەن بە ئەنجام.

هێرشەکانى ئەمریکا هۆکارى بێمتمانەییەکانە

عێراقچی جەختی لەوەش کردەوە" بێمتمانەییەکە بەهۆی هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران درووست بوون.