وەزارەتی بەرگریی تورکیا: هێزەکانى تورکیا لە عێراق کشانەوە

کەناڵ8 26/03/2026
ساتى کشانەوەى هێزە سەربازییەکانى تورکیا لە عێراق
ساتى کشانەوەى هێزە سەربازییەکانى تورکیا لە عێراق

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیارێکی هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ کشانەوە لە عێراق، هێزەکانی سوپای تورکیا لە بەغدادی پایتەخت کشانەوە و گەڕانەوە بۆ تورکیا. ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی ئەمنی دێت بەرامبەر ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە.

کۆتاییهێنان بە ئەرکی ناتۆ

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-03-2026، زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، ناتۆ بڕیاری داوە بە کشانەوەی "نێردەی ناتۆ لە عێراق" (NMI). بەپێی ئەو بڕیارە، ئەو هێزانەی تورکیا کە لە چوارچێوەی ئەو نێردەیە لە بەغداد بوون، ئەرکەکانیان کۆتایی پێهێناوە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

بارەگایەکی نوێ لە تورکیا

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئاشکرای کرد کە تورکیا خەریکی دامەزراندنی بارەگایەکی نوێی فەیلەقی نێودەوڵەتیی ناتۆیە لەسەر خاکەکەی خۆی. ئەم پڕۆژەیە کە لە ساڵی 2023ـەوە پلانی بۆ دانراوە و لە ساڵی 2024 بە فەرمی بە ناتۆ ڕاگەیەندراوە، لەلایەن فەرماندەیی فەیلەقی 6ـی تورکیاوە سەرپەرشتی دەکرێت و ژەنەراڵێکی تورک فەرماندەیی دەکات.

کاریگەریی جەنگی ئێران و ئەمریکا

ئەم بڕیارەی ناتۆ بۆ کشانەوە لە عێراق، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو ناسەقامگیرییە ئەمنییەوە هەیە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و بەرەی (ئەمریکا-ئیسرائیل) دروستبووە. ناتۆ دەیەوێت لە ڕێگەی کشانەوەی نێردە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی، گیانی کارمەندەکانی بپارێزێت و تێوەنەگلێت لەو ململانێیە چەکدارییەی کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.

کەناڵ8

26/03/2026