ڕوونکردنەوەیەک لەو کۆمپانیایەى کۆگاکەى هێرشی کرایە سەر؛ "بەردەوام دەبین لە بەرهەمێهنان"
گرووپی کۆمپانیاکانی سەردار، کە دوێنێ کۆگاى ڕۆنەکەى هێرشیکرایە سەر و ئەمڕۆ جەخت دەکاتەوە ئەوان کۆمپانیایەکى مۆڵەتپێدراون و لەسەرانسەرى عێراق کار دەکەن.
کۆگاکانی ڕۆن و چەورکەرەکانی کاستڕۆڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکە ڕوونیکردووەتەوە، یەکی ئەم مانگە کۆگاکانی ڕۆن و چەورکەرەکانی کاستڕۆڵی سەر بە کۆمپانیاکەیان لە شاری هەولێر تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو بووە، بەڵام هێرشەکە کاریگەریی لەسەر بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکانیان نابێت.
کارکردن لە کەرتی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریدا
ئاماژەى بەوەشکردووە، کۆمپانیاکەیان مۆڵەتپێدراوە و لە کەرتی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاریدا کار دەکات، هەروەها پابەندییەکانیشیان سنووردارە کە خزمەتکردنی کڕیارەکانیان و بەشدارییە لە ئابووریی نیشتماندا.
بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنان
لە ڕوونکردەوەی کۆمپانیاکەدا باسی ئەوەشیکراوە، سەرەڕاى هێرشەکە بەرهەمەکانی ( ڕۆنی ئۆتۆمبێل، کەرەستەکانی کەرتی کشتوکاڵ و بیناسازی) لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەخەنە بازاڕەوە.
هێرشی سەر کۆگاکانی ڕۆنی کاستڕۆڵ
ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ڕابردوو 1ـی نیسان زیاد لە چوار درۆن هێرشکرایەسەر کۆگاکانی ڕۆنی کاستڕۆڵی بەریتانی و ئاگرێکی گەورە لە کۆگاکە کەوتووە و کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، زیانێکی زۆری داراییان بەرکەوتووە و بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت.
02/04/2026