ڕووسیا: موجتەبا خامنەیی بریندارە و برینەکەی سووکە

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران

ئاژانسی نۆڤۆستی ڕووسی هەواڵی برینداربوونی ڕێبەری نوێی ئێران پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام هاوکات دەنگۆی گواستنەوەی بۆ وڵاتەکەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕەت دەکاتەوە.

ئاستی برینداربوونی ڕێبەر

ئاژانسی نۆڤۆستی ڕووسیا بڵاویکردەوە، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران بریندارە. ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە برینەکەی ڕێبەری نوێی ئێران سووکە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ڕاپەڕاندنی کارەکانی نییە و بەردەوامە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی.

ڕەتکردنەوەی سەردان بۆ ڕووسیا

ئاژانسە فەرمییەکەی ڕووسیا بە تەواوەتی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە گواستنەوەی موجتەبا خامنەیی بۆ ڕووسیا دەکەن. جەختی لەوە کردەوە کە ناوبراو بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ ڕووسیا نەگوێزراوەتەوە و تەنانەت بۆ یەک کاتژمێریش لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا نەبووە.

دەنگۆکانی پێشوو لەبارەی برینداربوون

ئەم زانیارییانەی میدیای ڕووسی لە کاتێکدایە، پێشتر چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاویانکردبووەوە کە موجتەبا خامنەیی لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا برینداربووە. لەو هەواڵانەدا هاتبوو کە بەهۆی مەترسیی سەر ژیانی و بۆ چارەسەری پزیشکی، ڕەوانەی ڕووسیا کراوە.

هەڵوێستی فەرمیی تاران

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ڕێبەری نوێ، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، موجتەبا خامنەیی هیچ گرفتێکی تەندروستی نییە. گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کردبوو کە هۆکاری دەرنەکەوتنی تەنیا بۆ بارودۆخی جەنگ و پاراستنی لایەنی ئەمنی دەگەڕێتەوە.