
نزیکەی 20 هەزار دەریاوان لە گەرووی هوورمز گیریان خواردووەو بەهۆی بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانەوە، ڕووبەڕووی قەیرانی نەبوونی ئاو، خۆراک و سووتەمەنی بوونەتەوە.
تیمە کەشتیوانییەکانی دەوروبەری گەرووی هوورمز ماوەی 41 ڕۆژە لەناو دەریادا ماونەتەوە و ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەتەوە. هەرچەندە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران هیوایەکی بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵە دروستکردبوو، بەڵام هێرشکردنە سەر کەشتییەکی تایلەندی و کوژرانی 3 کەس تێیدا، جارێکی دیکە مەترسییەکانی بۆ سەر ڕێڕەوەکە گەڕاندەوە.
بەشێکی زۆری تیمە دەریاوانییەکان ڕایانگەیاندووە کە خۆراک و ئاوی شیرینیان بەرەو تەواوبوون دەچێت. ئەم کەشتیوانانە پێشوەختە ئامادەکارییان بۆ جەنگ نەکردبوو، چونکە پێکدادانەکان لەناکاو دەستیانپێکرد. گەورەترین کێشەیان نەمانی ئاوی شیرینە کە پێویستە 10 بۆ 15 جارێک کۆگاکانیان پڕ بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی مەترسیی ڕێگاکانەوە، گەیاندنی پێداویستییەکان لەلایەن خاوەن کەشتییەکانەوە کەمی کردووە.
بەهۆی سەختیی بارودۆخەکەوە، بەشێک لە تیمەکان کەشتییەکانیان بەجێهێشتووە. یەکێک لە کاپتنەکان بۆ "ئەسۆشییەتد پرێس" ڕایگەیاندووە، ئەگەر بەندەرەکە بە تەواوی دابخرێت، هیچ ئەگەرێک بۆ دەربازبوونی تیمەکان نامێنێت. بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا 25 تیم کەشتییەکانیان بەجێهێشتووە و لە هەندێک کەشتی 30 کەسیدا تەنیا 9 کەس بۆ پاسەوانی ماونەتەوە.
جاکلین سمیس، ڕێکخەری دەریایی لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکارانی گواستنەوە (ITF) ئاشکرای کرد، دەریاوانەکان لە ڕێگەی نامەی کورتەوە زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێداوە و باسیان لە نەمانی سووتەمەنی و خۆراک کردووە. ITF داوای لەو وڵاتانە کردووە کە کەشتییەکانیان ئاڵای ئەوانی پێوەیە، وەک پەنەما و لیبێریا، ڕێنمایی بۆ خاوەن کەشتییەکان دەربکەن تاوەکو پڕۆسەی گەڕانەوەی دەریاوانەکان بۆ وڵاتەکانیان ڕێکبخەن.
بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کەشتیوانی، نزیکەی 20,000 دەریاوان لە نزیکەی 3,200 کەشتیدا لە ڕۆژئاوای گەرووی هوورمزدا گیریان خواردووە. لەو کاتەوەی لە 28ی شوباتەوە جەنگ دەستیپێکردووە، لانیکەم 15 دەریاوان و کرێکاری بەندەر لە ئەنجامی ڕووداوە جیاوازەکانی ناوچەکەدا گیانیان لەدەستداوە.




