
سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ کەشتیوانی ڕایگەیاند، بارودۆخی گەرووی هوورمز زۆر نیگەرانکەرە و دەشڵێت، هەزاران دەریاوانی ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە.
ئارسینیۆ دۆمینگێز، سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ کەشتیوانی ڕایگەیاندووە، بەهۆی هەڕەشەکان و گرژییەکانی ناوچەکەوە، بارودۆخی هوورمز بووەتە جێی نیگەرانییەکی قووڵ.
سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ کەشتیوانی دەشڵێت، هەزاران دەریاوان ئێستا ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە 20 هەزار دەریاوان لەسەر کەشتییە بازرگانییە جیاوازەکان لە ناوچەی کەنداو گیریان خواردووە. لە ئێستادا قەرەباڵغییەکی زۆر و گیرخواردنی سەدان کەشتی لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی شوباتی ڕابردوو، ئێرانی گەرووی هوورمزی داخستووە و ڕێگە بەتێپەڕبوونی کەشتییەکان نادات مەگەر بە ڕەزامەندیی تاران و پێدانی باج بێت.
لە نوێترین لێدوانەکانیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، لە ئەمڕۆ 13ـی نیسان، کاتژمێر پێنج بە کاتی کوردستان، گەمارۆ بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو دەستپێدەکات ئەوەش وەک کارتی فشار لەبەرامبەر تاران.




