لە تورکیا ڕێگە بە خوێندن بە زمانی کوردی نادرێت
لە پاش نۆ دەیە لە داواکاریی کورد لە باکووری کوردستان بۆ خوێندن بە زمانی دایک، ساڵی 2012، بۆ یەکەمجار وانەی بژاردە بۆ زمانی کوردی دانرا، بەڵام خوێندنی وانەکە چەندین ڕێگری و کێشەی گەورەی لەبەردەمدایە و چارەسەر نەکراون.
زمانى دەوڵەت و وڵات کوردى نییە
لە تورکیا بەگوێرەی دەستوور، زمانی دەوڵەت و وڵات تورکییە و هیچ زمانێکی دیکە دانی پێدا نانرێت، لەوانەش کوردی کە دەوروبەری 25 ملیۆن کورد لەو وڵاتە قسەی پێدەکەن.
دەستوور ڕێگرە
ماددەی سێیەمی دەستووری تورکیا رێگری لەوە دەکات هیچ زمانێکی دیکە جگە لە تورکی ببێتە زمانی فەرمی و گۆڕینی ئەو ماددەیەش قەدەغەکراوە.
وانەى بژاردەى کوردى
پاش خەباتی دوورودرێژی کورد بۆ مافەکانی، دواجار و لە ساڵی 2012، لە تورکیا بڕیاردرا وانەی بژاردەی کوردی بخوێنرێت.
وانەی بژاردەی کوردی هەردوو زاراوەی کورمانجی و زازاکی لەخۆدەگرێت، ئەو قوتابییانەی لە پۆلەکانی پێنج، شەش، حەوت و هەشتن، دەتوانن ناوی خۆیان بۆ خوێندنی وانەکە تۆمار بکەن.
10 خوێندکار داوابکەن
لە هەر خوێندنگەیەک دا 10 خوێندکار داوای وانەکە بکەن، پۆلێکیان بۆ جیادەکرێتەوە و وانەکە دەخوێنن.
دەرگاى خۆ تۆمارکردن
ساڵانە لە سەرەتای وەرزی خوێندن، لە باکووری کوردستان و تورکیا دەرگای خۆتۆمارکردنی خوێندکاران بۆ خوێندنی وانەی بژاردەی کوردی دەکرێتەوە و خوێندکاران داوای خوێندنی وانەکە دەکەن.
ساڵانە هوداپار داوا دەکات
هەموو ساڵێک هوداپار، پارتی دەم و ڕێکخراوە کوردییەکان، داوا لە خێزانەکان دەکەن منداڵەکانیان هانبدەن وانەکە هەڵبژێرن، بەڵام لە چاو ژمارەی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا کە لە دەوروبەری 25 ملیۆن کەس دایە، کەمترین خوێندکار داوای خوێندنی وانەکەی دەکەن.
ئاستەنگەکانى بەردەم پڕۆسەکە
هەرچەندە لە ساڵی 2012ـەوە وانەی بژاردە دەخوێنرێت، بەڵام رێکخراوە کوردییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە چەندین ئاستەنگ رووبەڕووی پڕۆسەکە دەبێتەوە، کە بریتین لە کەمیی ژمارەی مامۆستای زمانی کوردی، چاپنەکردنی کتێبی پێویست و فشاری بەشێک لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کە کێشەی گەورەیان بۆ خوێندنی وانەکە دروست کردووە.
200 مامۆستا لەماوەى 12 ساڵ
لە ماوەی 12 ساڵ دا تەنیا 200 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراون. لە ساڵانی رابردووش دا ژمارەکە زۆر کەم بووە، سەرەڕای دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی.
ئامارەکان دڵخۆشکەر نین
بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ناوەندی سۆسیۆ پۆلەتیک، 97.79%ی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا داوای خوێندن بە زمانی کوردی دەکەن. بەڵام لە هەمان کات دا، تەنیا 45.5%یان ئاگادارن، کە وانەی بژاردەی کوردی بوونی هەیە.
15/05/2026