دادگای تورکیا 38ـیەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە

دادگای تورکیا بڕیاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆنگرانە دا کە ئۆزگور ئۆزەل تێیدا بووە سەرۆکی  پارتی جەهەپە، بەگوێرەی بڕیارەکە، کەمال کڵچدارئۆغڵو دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی حیزبەکە.

ئۆزگور ئۆزەل سەرکردایەتى لەدەستدەدات

بەگوێرەی بڕیارەکە کە لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەوە دراوە، کۆنگرەی 38ـیەمینی پارتی کۆماریی گەل "جەهەپە"  و 21ـیەمین کۆنگرەی نائاسایی هەڵوەشێنرایەوە. بەو جۆرەش ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئێستای جەهەپە و سەرکردایەتیی پارتەکە ڕەوایەتیی یاساییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە سەرۆکایەتیی پارتەکەی دەگرێتەوە دەست و تیمەکەی دەگەڕێنەوە بۆ سەر ئەرکەکەیان.

سەرکەوتنى ئۆزەل و شکستى کڵچدارئۆغڵو

لە کۆنگرەی 38ـیەمینی جەهەپە کە لە ڕۆژانی چوار و پێنجی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو، ئۆزگور ئۆەزەل بەسەر کەمال کڵچدارئۆغڵودا سەرکەوت و بووە سەرۆکی پارتەکە.

تۆمەتى گەندەڵى

داواکاریی گشتیی ئەنقەرە بە تۆمەتی گەندەڵیی، دۆسییەی لە دژی کۆنگرەکە کردەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرەکە کە دیارترینیان لوتفو ساڤاش، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هاتای بوو، سکاڵایان تۆمارکرد و داوایان کرد، کۆنگرەکە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئۆزەل و سەرکردایەتیی نوێ دووربخرێنەوە و کڵچدارئۆغڵو و سەرکردایەتیی پێشوو بگەڕێنرێنەوە سەر ئەرکەکەیان.

جەهەپە ناچەمێت

ڕۆژی چوارشەممە، کڵچدارئۆغڵو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ژمارەیەکی دیار لە پەرلەمانتارانی جەهەپە شێریان کرد گوتی، جەهەپە چنارێکە و لە ڕابردوودا خۆی بۆ هیچ فشارێک نەچەماندووە.