ئێران سزادانی باڵیۆزی لوبنانی لەلایەن ئەمریکاوە سەرکۆنە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەرکۆنەی سزادانی محەممەد ڕەزا رەئوف شێبانی، دیپلۆماتکار و باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە لوبنان دەکات و ڕایگەیاند، "هەنگاوەکەی ئەمریکا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".
تێکدانى سەروەریی لوبنان
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەم کردەوانەی ئەمریکا بە ئامانجی تێکدانی سەروەری نەتەوەیی لوبنان و هاندانی پشێوی لە کۆمەڵگەی لوبنان و بەردەوامیدان بە کردەوە دەستدرێژیکار و داگیرکارییەکانی ئیسرائیلە لە دژی ئەو وڵاتە.
پەیوەندى دۆستانەى ئێران و لوبنان
باس لەوەشدەکات، ئێران پێداگری لە پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانە و مێژووییەکەی خۆی لەگەڵ لوبنان لە گشت بوارە جۆراوجۆرەکان دەکات، بە جۆرێک بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی تێدا پارێزراو بێت.
باڵیۆزى هەڵبژێردراوى ئێران
محەممەد ڕەزا ڕەئووف شێبانی، دیپلۆماتکار و یاریدەری پێشووی وەزیری دەرەوە و باڵیۆزی ئێران بووە لە چەند وڵاتێک، ئێستا باڵیۆزی هەڵبژێردراوی ئێرانە لە لوبنان و تاوەکو ئێستاش بە فەرمی دەستبەکار نەبووە.
لە لیستى سزاکانى ئەمریکا
ئەوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا، محەممەد ڕەزا رەئوف شێبانی، بە تۆمەتی پشتیوانی حیزبوڵای لوبنانی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی حیزبوڵا و پەرلەمانتارى لوبنان کە لە هەمان کاتدا ئەندامی حیزبوڵان خستە لیستی سزاکانیەوە.
22/05/2026