
هەرێمی کوردستان لە هاوردەکاری ئۆتۆمبێلەوە دەبێتە هەناردەکار؛ ئێستا ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی دەروازەکانەوە ڕەوانەی ئێران دەکرێت و گومرگی سلێمانیش وردەکاریی ڕێکارەکان و بڕی پارەی وەرگیراو ئاشکرا دەکات.
قادر پیرۆت، بەڕێوەبەرى گومرگى سلێمانى ڕایگەیاند، بڕی ئەو گومرگەی لە هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران وەردەگیرێت کەمترە لە هاوردەکردن، چونکە ئەو ئۆتۆمبێلانە پێشتر یەکجار گومرگ کراون. ئاشکرای کرد، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن تەنیا گومرگێکی ڕەمزییان لێ وەردەگیرێت کە 2%ـی نرخی ئۆتۆمبێلەکەیە.
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی ڕوونیکردەوە کە تێچووی هەناردەکردنیان زیاترە. لەبەر ئەوەی لەکاتی هاوردەکردنیاندا بۆ هەرێمی کوردستان گومرگ نەکراون، لەکاتی هەناردەکردنیان بۆ ئێران هەم گومرگی هاوردە کە 15%ـەیە و هەم گومرگی هەناردە کە 2%ـەیە لێیان وەردەگیرێت، کە کۆی گشتی دەبێتە 17%.
لە ئێستادا ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو (ژمارە بڕاو) و ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتیش هەناردەی ئێران دەکرێن. بۆ بردنەدەرەوەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو، پێویستە خاوەنەکەی داواکاری پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ بکات و تابلۆکانی ڕادەست بکاتەوە، پاشان دەست بە ڕێکارە گومرگییەکان بکات. ئۆتۆمبێلە ژمارە کاتییەکانیش لەسەر داواکاریی کۆمپانیاکان هەناردە دەکرێن.
بەڕێوەبەرى گومرگى سلێمانى ئاماژەی بەوە کرد، هەناردەى ئۆتۆمبێل بۆ ئێران لە پاش هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە دەستیپێکردووە. باسی لەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراون زۆر نین و پڕۆسەکە لە سەرەتادایە.
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام وەک هاوردەکار ناسراون، بەڵام ئێستا بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو لە ناوخۆ و بوونی هەندێک گرفتی گواستنەوە، بازرگانان و کۆمپانیاکان پەنا بۆ هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلەکان بۆ وڵاتی ئێران دەبەن.




