نەسرین ئەحمەد: تاوەکو ئێستا کاتی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران دیارینەکراوە

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی

سەرەڕای دەستپێکردنی دروێنە لە چەند ناوچەیەک، هێشتا وادەی فەرمیی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران دیارینەکراوە. بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سایلۆکان ئامادەکراون بۆ وەرگرتنی 160 هەزار تۆن گەنم و ئەمساڵیش پڕۆسەکە بەپێی سیستمێکی نوێی نۆرەگرتنی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت.

چاوەڕوانی بۆ دیاریکردنی وادەی وەرگرتن

بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی ڕایگەیاند، ساڵانە لە 1ی حوزەیرانەوە تاوەکو 10ی حوزەیران، گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە کەی گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت، هەرچەندە لە ناوچەکانی کەلار، چەمچەماڵ و دەربەندیخان دەست بە دروێنە کراوە.

ئامادەکردنی سایلۆکان و توانای کۆگا کردن

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاند، لە مانگی ئازارەوە دەست کراوە بە بەتاڵکردنی سایلۆکان و ئامادەکردنیان بۆ وەرگرتنی گەنم. دڵنیاییش دەدات کە شوێنی پێویست هەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، کە تاوەکو ئێستا باس لە 400 هەزار تۆن دەکرێت لە ناوەوە و دەرەوەی پلان، لەو بڕەش 160 هەزار تۆنی بەر پارێزگای سلێمانی دەکەوێت.

گۆڕانکاری لە سیستمی وەرگرتنی گەنمدا

ڕوونیشی کردەوە، میکانیزمی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران گۆڕانکاریی تێدا کراوە و بە شێوەی پێشوەختە و نۆرەگرتنە؛ واتە دەبێت جووتیار ڕۆژێک پێش بردنی گەنم بۆ سایلۆکە، نۆرەی گرتبێت.