دووکەڵ ئاسمانی شارەکەی ڕەش کردووە؛ ئاگرێکی گەورە لەسەر ڕێگای قەتەوی لە هەولێر کەوتووەتەوە

کیژان مەحمود 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاگرێکی گەورە لەسەر ڕێگای قەتەوی لە شاری هەولێر کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی لە هەوڵێکی چڕدان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتر.

کەوتنەوەی ئاگرەکە و هەوڵەکانی کوژاندنەوە

زیاد لە 2 کاتژمێرە ئاگرێکی گەورە لەسەر ڕێگای قەتەوی لە شاری هەولێر کەوتووەتەوە. ئاگرەکە پێش کاتژمێر 11ـی نیوەڕۆ دەستیپێکردووە و بەهۆی گەورەییەکەیەوە دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی ناوچەکەی ڕەش کردووە. لە ئێستادا چەند تیمێکی بەرگریی شارستانی لە شوێنی ڕووداوەکەن و سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی بڵێسەی ئاگرەکەن.

سەرچاوەی ئاگرەکە و ئەو ماددانەی دەسوتێن

بەگوێرەی گوتەی شایەتحاڵەکان و خاوەنی ئەو شوێنەی گڕی گرتووە، سەرەتا ئاگرەکە لە پووش و پاوانێکی نزیک ناوچەکە سەریهەڵداوە. دواتر بەهۆی کایەو باوە تەشەنەی سەندووە بۆ ناو ئەو گەراجانەی کە ماددەی پلاستیکی و کەلوپەلی کۆنی ئۆتۆمبێلیان تێدا کۆکراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بە خێرایی گەورە بێت و بڵێسە بستێنێت.

زیانەکان و تەشەنەسەندنی زیاتر

خاوەنی یەکێک لەو گەراجانەی کە سووتاوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئاگرەکە لە پەرێزێکی نزیکەوە بۆیان هاتووە و سەرەتا گەراجەکەی ئەوی گرتووەتەوە، دواتر پەڕیوەتەوە بۆ گەراجی چەند کەسێکی دیکەش لە هەمان ناوچە. سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان، هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکان و خاوەن کارەکان ناتوانن ئامارێکی ورد بدەن، چونکە هێشتا ئاگرەکە بە تەواوەتی دانەمرکاوەتەوە.

کیژان مەحمود

4 کاتژمێر پێش ئێستا