وردەکاری یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا بڵاوکرایەوە
دانیار فاروق 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕەشنووسى لێکگەیشتنەکەى نێوان ئێران و ئەمریکا بڵاوکرایەوە
ڕەشنووسەکە لە 14 خاڵ پێکهاتووە
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، 12ـى حوزەیرانى 2026، ئاژانسى مهرى ئێران، لە سەرچاوەیەکى ئاگادارى تیمى دانوستانکارى ئێران لەگەڵ ئەمریکا، ڕەشنووسى لێکگەیشتنەکەى نێوان ئێران و ئەمریکاى بڵاوکردەوە کە لە 14 بەند پێکدێت.
خاڵەکانى ڕەشنووسەکە
بەگوێرەى ڕەشنووسى لێکتێگەیشتنەکە، کە لە 14 خاڵدا جێیکراوەتەوە، ئازادکردنى 24 ملیار دۆلار، لە سامانە بلۆککراوەکانى ئێران لەماوەى 60 ڕۆژدا.
- ڕاگرتنى هەمیشەیی و دەستبەجێى شەڕ و پێکدادان لەسەرجەم بەرەکانى شەڕ بە لوبنانیشەوە.
- لە خاڵێکى دیکەى بەندى ڕەشنووسەکەدا هاتووە، پابەندبوونى بە دەستتێوەردان لە کاروبارى ناوخۆى ئێران و ڕێزگرتن لە سەروەریی ئێران، هەروەها هەڵگرتنى تەواوەتى گەمارۆى دەریایی لە ماوەى 30 ڕۆژدا.
- هاوکات لە ڕێککەوتنەکەدا واشنتن پابەندکراوە بە کشانەوەى هێزەکانى لە دەوروبەرى ئێران و کردنەوەى گەرووى هوورمز لە ماوەى 30 ڕۆژدا و ئەمریکا چى دیکە هەوڵنەدات ژمارەى هێزەکانى لەناوچەکە زیاد بکات.
- هەروەها ڕاگرتنى سزاکانى سەر فرۆشتنى نەوت و بەرهەمە پترۆکیماییەکانى ئێران، خاڵێکى دیکەى ڕێککەوتنەکەیە، لەگەڵ ئەوەى ڕێگە بە تاران بدرێت، وەک مافى خۆى دەستى بگات بەهەموو ئەو سەرچاوە داراییانەى کە بتوانێت بۆخۆى بەکاریبهێنێت.
- هەروەها هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى، هەستن بە پێدانى 300 ملیار دۆلار بە ئێران بەمەبەستى نۆژەنکردنەوەى وڵاتەکە لەو زیانانەى بەهۆى جەنگەوە پێیگەیشتووە.
- پاشان لەبارەى بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێرانەوە، جەختبکرێتەوە لەوەى ئێران پابەندبکرێت بە پەیماننامەى قەدەغەکردنى بڵاوکردنەوەى چەکى ئەتۆمى و بەرهەمنەهێنانى چەکى ئەتۆمى.
- لە خاڵێکى دیکەدا ئەوە هاتووە، ئالیەتێک پێکبهێنرێت بەمەبەستى چاودێریکردنى جێبەجێکردنى ڕێککەوتننامەکە.
- لە خاڵى پێش کۆتاییدا هاتووە، بڕیارى کۆتایی لەم ڕەشنووى لێکتێگەیشتنە بە بڕیارى کۆتایی ئەنجوومەنى ئاسایشیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت.
- لە خاڵى کۆتاییشدا، ئاماژە بەوەکراوە، دانوستاندنى کۆتایی ناکرێت، تاوەکو نیوەى ئەو پارە بلۆککراوانە ڕادەستى تاران دەکرێتەوە و هەروەها سەرجەم سزاکانیش هەڵدەگیرێن لەگەڵ جێبەجێکردنى سەرجەم خاڵەکانى سەرەوە.
بۆچوونى وەزارەتى دەرەوەى ئێران
لایخۆیەوە، وەزارەتى دەرەوەى ئێران، ئاشکرایکرد، ئەم ڕەشنووسە هێشتا لەژێر پێداچوونەوەدا دەبێت و پاشان لایەنە پەیوەندیدارەکانى بڕیارى کۆتایی لێدەدەن.
دانیار فاروق
2 کاتژمێر پێش ئێستا