هەرێمی کوردستان دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" دادەمەزرێنێت

کەناڵ8 15/06/2026
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەسیکۆدا
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەسیکۆدا

هەولێر و بەغداد لەسەر بنەما سەرەکییەکانی یەکخستنی سیستمی گومرگی گەیشتنە ڕێککەوتن، بەڵام جیاوازیی یاساکانی وەبەرهێنان و داهاتی دەروازەکان هێشتا وەک ئاڵنگاریی لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتی سیستمەکە ماونەتەوە.

ڕێککەوتن لەسەر دانپێدانانی بڕوانامەکان

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەماکانی سیستمی "ئەسیکۆدا" گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان بریتییە لەوەی بڕوانامەی دامەزراندنی کۆمپانیاکان کە لە هەرێمی کوردستان دەردەچێت، لە بەغداد دانی پێدا بنرێت و مامەڵەی فەرمی پێوە بکرێت. هەروەها ڕێککەوتن کراوە کە بڕوانامەی هێنانی کەلوپەلیش بە هەمان شێوەی کۆمپانیاکان لە هەردوولا کاری پێ بکرێت.

دامەزراندنی دەستەی ئەسیکۆدا لە هەرێم

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، بڕیار وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەیەکی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا دامەزرێنێت. ئەرکی ئەم دەستەیە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ دەبێت لەگەڵ دەستەی ئەسیکۆدای بەغداد بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکان. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە مانگی نیسانی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا هەرێمی کوردستان پابەند بێت بەم سیستمە جیهانییەوە و هەرێمیش ڕەزامەندی لەسەر نیشاندا.

کێشەی جیاوازیی یاساکانی وەبەرهێنان

سەرەڕای ڕێککەوتنەکان، هێشتا چەند ناکۆکییەکی یاسایی لە نێوان هەولێر و بەغداد ماونەتەوە. یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکی توندی بە دەروازە سنوورییەکان و سیستمە گومرگییەکانەوە هەیە، جیاوازیی زۆری لەگەڵ یاسای وەبەرهێنانی بەغداد هەیە. تاوەکو ئێستا هەردوولا نەگەیشتوونەتە میکانیزمێکی هاوبەش بۆ ئەوەی چۆن ئەم دوو یاسایە لە چوارچێوەی سیستمی ئەسیکۆدادا جێگیر بکەن و بەیەکەوەیان ببەستنەوە.

داهاتی سنوورەکان و پێناسی گومرگی

یەکێکی دیکە لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان، پرسی داهاتی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانە و چۆنییەتی دابەشکردنی لە نێوان هەردوو حکومەتدا. ئەم پرسە بەهۆی ئاڵۆزییەکەیەوە بۆ یاسای بودجەی داهاتووی عێراق دواخراوە. هاوکات، یەکخستنی پێناسی گومرگی لە نێوان هەولێر و بەغداد کە بڕگەیەکی گرنگی ڕێککەوتنەکەیە، هێشتا جێبەجێ نەکراوە و شاندی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە گفتوگۆکانی داهاتوودا ئەم بابەتە وەک مەرجێکی سەرەکی تاوتوێ بکات.

کەناڵ8

15/06/2026