پێنج کەشتیى ئێرانى بە گەرووى هوورمزدا تێپەڕبوون
پرۆسەی هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر ئێران یەکەمین هەنگاوی بەخۆیەوە بینی و 5 کەشتیی ئێرانی بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕبوون؛ بڕیارە تاوەکو ڕۆژی هەینی گەرووەکە بە تەواوی بکرێتەوە.
تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان
ئاژانسی "تەسنیم"ی سەر بە سوپای پاسداران ڕایگەیاند، پرۆسەی هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران بە فەرمی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، 5 کەشتیی ئێرانی توانیویانە بە گەرووی هوورمز و سنووری گەمارۆکەدا تێپەڕ ببن. لەو پێنج کەشتییە، 3ـیان کەشتیی نەوت و 2 کەشتییەکەی دیکەش هەڵگری کاڵا و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وڵاتی ئێران بوون.
هەڵوێستی ترەمپ و تاران لەسەر کردنەوەی گەرووەکە
بەپێی ڕاپۆرتەکەی تەسنیم، دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوە کردبووەوە کە دەبێت دەستبەجێ دوای ڕاگەیاندنی لێکگەیشتنە ئەلیکترۆنییەکە، گەرووی هوورمز بکرێتەوە و گەمارۆکە لاببرێت. بەڵام ئێران ئەم پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە و هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە پرۆسەی کردنەوەی گەرووی هوورمز بە فەرمی دوای واژۆکردنی لێکگەیشتنە فیزیکییەکە لە ڕۆژی هەینی دەست پێ بکات.
کاتی کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هوورمز
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کراوە، بڕیار وایە گەرووی هوورمز لە ڕۆژی هەینی (واتە دوای 3 ڕۆژی دیکە) بە تەواوی و بەبێ هیچ بەربەستێک بەڕووی کەشتیوانیی بازرگانیدا بکرێتەوە. ئەم هەنگاوە وەک یەکێک لە بەرهەمە خێرا و سەرەتاییەکانی ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییە دەریاییەکان هەژمار دەکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا