وەزارەتى تەندروستى تووشبوونى دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوونى لە هەولێر ڕاگەیاند

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
گۆشتی کوڵاو سەلامەتە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون
گۆشتی کوڵاو سەلامەتە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون

وەزارەتى تەندروستى هەرێمى کوردستان، تووشبوونى دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوونى لە شارى هەولێر ڕاگەیاند، دەشڵێت: بۆ یەکەمین جارە لەم ساڵدا تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت.

تووشبووەکان باوک و کوڕێکن

وەزارەتەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرایدەکات، توشبووەکان باوک و کوڕێکى تەمەن 71 ساڵ و 39 ساڵن لەهەمان خێزان، دانشتووی گەڕەکێکی ناو شاری هەولێرن و بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵ، لە دوو هەفتەی ڕابردوو و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو و پێکهاتە و دەرهاویشتەکانی دوای سەربڕین تووشبوون.

چارەسەری پزیشکییان بۆ گیراوەتەبەر

ئاماژەبەوەشدەکات، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانیان، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە و چارەسەری پزیشکی بۆیان گیراوەتەبەر.

لەژێر چاودێری پزیشکیدان

دەشڵێت: لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن و باری تەندروستی یەکێکیان تا ڕادەیەک جێگیرە و ئەوەی دیکەیان ناجێگیرە.

داوایەک بۆ هاونیشتمانیان

وەزارەتى تەندروستى داوا لە هاونیشتمانیان دەکات پابەندى ڕێنماییەکان بن و جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان دەکاتەوە و  دەڵێت: لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە.

بەگوێرەى ئامارى وەزارەتەکە، ئەمساڵ تەنیا دوو حاڵەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە جگە لە دوو حالەتی دیکەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا