دەستەی گومرگ: هەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا
دەستەی گومرگی عێراق دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لەبارەى سیستمی ئەسیکۆدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، هەولێر ڕژدە لەسەر جێبەجێکردنی سیستمەکە و یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان.
یەکخستنى ڕێکارە گومرگییەکان
سامر قاسم تائی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگ بە ئاژانسی هەواڵەکانی عێراقی گوتووە، لەسەر ڕێنمایی سەرۆکوەزیران و بە مەبەستی یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان و جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە تەواوی دەروازەکان، لەگەڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە لە بەغداد.
جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکانیان تایبەت بووە بە دانانی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان.
لایەنى تایبەنمەند لە کۆبوونەوەکان بوون
بە گوتەی سامر قاسم، شاندەکەی هەرێمی کوردستان نوێنەری لایەنە تایبەتمەندەکانی تیادا بووە، وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پێشانگاکان و هەردوولا کۆنووسێکی هاوبەشیان واژۆکردووە.
بەربەست نییە لەبەردەم ئەسیکۆدا
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق جەختلەوە دەکاتەوە، هیچ بەربەستێکی هونەریی نییە لەبەردەم جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر جێبەجێکردنی سیستمەکە و یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان.
ئامانجى ئەسیکۆدا بەستنەوەی دەروازەکانە بەیەکدییەوە
بە گوتەی سامر قاسم، حکومەتی فیدڕاڵی و دەستەی گومرگ، ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە یارمەتییەکی هونەری و کارگێڕی، بۆ سەرخستنی جێبەجیکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی بەستنەوەی سەرجەم دەروازە سنووریەکان بە سیستمی گومرگی یەکگرتووەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا