
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە ئاشکرای دەکات، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە گەرووی هورمز هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر و بەو هۆیەوە هاتووچۆی دەریایی ڕاگیراوە.
ڕۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لەسەر زاری 2 بەرپرسی باڵای سەربازیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر کە ئاڵای سەنگافورەی هەڵگرتبوو. هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە کەشتییەکە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە و لە نزیک کەناراوەکانی عومان ڕوویداوە، بەڵام هیچ کەس بەهۆیەوە بریندار نەبووە.
ئارسینیۆ دۆمێنیگێز، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی ڕایگەیاند، ئاگاداری هێرشەکەن و بڕیاریان داوە بۆ ماوەیەکی کاتی پەڕینەوە و ڕزگارکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز ڕابگرن. ئەم بڕیارە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە لە سەلامەتیی ڕێڕەوەکە دڵنیا دەبنەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریداوە کە هاتووچۆ لە گەرووی هورمز سنووردار دەبێت و تەنیا ڕێگە بەو کەشتییانە دەدرێت تێپەڕن کە بەو ڕێڕەوانەدا دەڕۆن کە ئێران دەستنیشانی کردوون. جێگەی ئاماژەیە کە 20%ی وزەی جیهان لەم گەرووەوە دەگوازرێتەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەردەوامن و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا هەڵگیراون، ئەوەش ببووە هۆی زیادبوونی هاتووچۆی کەشتییەکان. بەهۆی زیادبوونی هاتووچۆ لە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست دابەزیبوو لەو کاتەوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیپێکردووە.




