
دەستەی گەشتوگوزاری عێراق دۆسیەی بەربژێرکردنی 5 گوندی عێراق و هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێشخەریی باشترین گوندە گەشتیارییەکانی جیهان بۆ ساڵی 2026 پێشکەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە ئامانج لێی هاندانی گەشتیاریی ژینگەیی و گەشتیاریی سەوزە لە وڵاتەکەدا.
دەستەی گەشتوگوزاری عێراق تەواوکردنی دۆسیەی بەربژێرکردنی 5 گوندی لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی باشترین گوندە گەشتیارییەکانی جیهان بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیاند، کە سێیان لە هەرێمی کوردستانن.
عەلی یاسین عەبدولڕەزا، گوتەبێژی دەستەی باڵای گەشتوگوزاری عێراق ڕایگەیاندووە، بەربژێرکردنی 5 گوندیان لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی باشترین گوندی گەشتیاریی 2026ـی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تەواو کردووە.
گوتەبێژی ناوبراو لەبارەی ناوی گوندە بەربژێرکراوەکانەوە ئاماژەی بەوەش کرد، گوندە بەربژێرکراوەکان بریتین لە؛ بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە، ڕەواندز لە پارێزگای هەولێر، هرور لە پارێزگای دهۆک، میرکی لە پارێزگای نەینەوا، ئەبو سوبات لە پارێزگای زیقار.
گوتەبێژی دەستەی باڵای گەشتوگوزاری عێراق ڕوونیکردەوە، بەربژێرکردنەکە بۆ بەشداریکردنە لەو دەستپێشخەرییەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردنی 100 باشترین گوندی گەشتیاری لە جیهان.
ناوبراو لەبارەی ئامانجی ئەم بەربژێرکردنەوە جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، ئامانج لە بەربژێرکردنەکە هاندانی گەشتیاریی بەرپرسیار و گەشتیاریی سەوزە لە ڕێگەی برەودان بە گەشتیاریی ژینگەیی.
گوتەبێژی دەستەی باڵای گەشتوگوزار لەبارەی قۆناغی ئێستای دۆسیەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی بەربژێرکردنەکە نێردراوە بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و تیمێکی دەستەکەش بەردەوام دەبن لە هاندانی حکوومەتە خۆجێییەکان لەسەر بایەخدان و برەودان بە کەرتی گەشتوگوزار.


.jpg)