
دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی، ماسکی چەندین پەرلەمانتار، بەرپرس و سیاسەتمەداری عێراقی کەوت کە پێشتر بانگەشەی دەستپاکی و ڕاوەدوونانی گەندەڵکارانیان دەکرد، بەجۆرێک لە یەکەم قۆناغدا 47 بەرپرس و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی قۆڵبەست کران.
ئەوانەی بانگەشەی دەستپاکی و ڕاوەدوونانی گەندەڵکارانیان دەکرد، هەرزوو ماسکی ڕووخساریان کەوت و کەوتنە ناو تۆڕەکە و قۆڵبەست کران.
ڕۆژانێک بوو لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان بە دەنگی بەرز دەیگوت دوای ئیمام عەلی دەستی من پاکترینە، کەچی دەرکەوت یەکێکە لەوانەی تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە، ئەمە ئیبراهیم سومێدعی، ڕاوێژکاری پێشووە کە ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ دەیان بەرپرس و پەرلەمانتاری دیکە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا.
ئیبراهیم سومێدعی، ڕاوێژکاری پێشوو لەبارەی پاکیی دەستی خۆیەوە دەیگوت، "من دەستپاکترین سیاسیم لە عێراق دوای عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب، کێی تر هەیە با بێت بڵێت من دەستپاکترم لە عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب، وازم لە دەسەڵات و پارە هێناوە و دەروێشانە دەژیم، دەڵێم خودا ڕزقی حەڵاڵم بدات، چونکە ئەمە هێزم پێدەدات".
عالیە نسەیف، پەرلەمانتاری ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران، یەکێک لە ناوە دیارەکان، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد، "گەندەڵکارانی حکوومەتەکانی پێشوو وادەکەین لە پەنجەرەوە ڕابکەن و بۆ ئەوەش ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە"، بەڵام دەرکەوت ئەم پەرلەمانتارە دەنگدلێرەش خۆی خاوەنی ملیاران دینارە و سەرێکی گەورەی گەندەڵییە.
ئەندازیار عەلا سەمیر جبوری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست لە بەغداد، ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە بە تۆمەتی گەندەڵی، پڕۆژەی وەهمی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیرکرا و لە باخێکیدا دەستگیرا بەسەر 76 ملیار دیناردا، ئەم ئەندازیارە لە ساڵی 2023 خەڵاتی ڕێزلێنانی باشترین و دەستپاکترین فەرمانبەری ساڵی وەرگرت.
ئەمیر مەعموری پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی کاتی دەستگیرکردنی گەندەڵکارانەوە لە هەژماری خۆی نووسیویەتی، هەندێک لە حوتەکانی گەندەڵی لە کاتی مەیخواردنەوەدا دەستگیرکراون، لەکاتێکدا لە مانگی موحەڕەمدان، ئەوانەی سوکایەتی بە سامانی گشتی دەکەن، مایەی سەرسوڕمان نابێت سوکایەتی بە پیرۆزییەکانیش بکەن.
لە یەکەم هەڵمەتی عەلی زەیدی بۆ دەستگیرکردنی تێوەگلاوان لە گەندەڵی، 47 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیرکران، بەگوتەی پەرلەمانتاران و چاودێرانیش پێدەچێت نزیکەی لە 1000 کەس بەر هەڵمەتەکە بکەون.




