
کۆڕبەندی ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی مورسیای ئیسپانیا بە بەشداریی وەزیری بازرگانیی مورسیا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و 95 کۆمپانیای هەردوولا بەڕێوە چوو. لە کۆڕبەندەکەدا چەندین گرێبەست و وەکالەتی بازرگانی لەپێناو ڕەخساندنی هەلی کار واژۆ کران و بڕیاریش درا کۆڕبەندێکی هاوشێوە لە مانگی 11ی ئەمساڵدا لە کوردستان ساز بکرێت.
لە ئیسپانیا، کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەرێمی مورسیای ئیسپانیا ئەنجامدرا و چەندین هەلی کاریش لە ڕێگەی کۆڕبەندەکەوە ڕەخسێندرا.

ڕۆژی دووشەممە 29 - 6 - 2026 لە هەرێمی مورسیای ئیسپانیا بە ئامادەبوونی لویس ئەلبێرتۆ مارین گۆنزالێز، وەزیری بازرگانی و کۆمپانیاکانی هەرێمی مورسیا، دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا و شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی مورسیا و بەڕێوەبەر و نوێنەری 65 کۆمپانیای ئیسپانی و 30 کۆمپانیای هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەرێمی مورسیا ئەنجامدرا.

لە سەرەتای کۆڕبەندەکەدا نوێنەری حکومەت لە ئیسپانیا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کۆڕبەندەکە و دەرفەتەکانی کاری هاوبەشی بۆ خواستن، دواتر لویس ئەلبێرتۆ مارین گۆنزالێز، وەزیری بازرگانی و کۆمپانیاکان و کار بەخێرهاتنی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و دەرفەتەکانی کاری هاوبەش و پشتیوانیی وەزارەتەکەی بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

دواتر دکتۆر محەمەد شوکری وێڕای خۆشحاڵی بە ئامادەبوونی لە کۆڕبەندێکی گەورەی لەم شێوەیە، دەرفەتەکانی ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی بە فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

لە کۆڕبەندەکەدا دوو پرێزێنتەیشن لەسەر هەرێمی کوردستان و هەرێمی مورسیا بۆ ئامادەبووان خرایە ڕوو، دواتر لە پانێڵەکاندا دەرفەتەکانی کاری هاوبەش جەختی لێکرایەوە و هانی کۆمپانیاکان درا بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش.

دواتر B2B کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و هەرێمی مورسیای ئیسپانیا ئەنجامدرا، کە تێیدا لە ڕێگەی ئەو گرێبەست و وەکالەتانەوە کە ئەنجامدرا چەندین هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێندرێت.

کۆتایی کۆڕبەندەکە بە وتارێکی بەڕێز دکتۆر محەمەد شوکری کۆتایی هات و هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر کۆڕبەندێکی هاوشێوە لە هەرێمی کوردستان لە مانگی 11ی ئەمساڵ بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و چەندین وەبەرهێنەری هەرێمەکە. هاوكات سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان سوپاسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی لە ئیسپانیا و پەیمانگای ئینفۆ مۆرسیا کرد بۆ ڕێکخستنی کۆڕبەندەکە.


