وەزیرى پێشمەرگە: لە دوا قۆناغى پرۆسەى یەکخستنەوەى پێشمەرگەداین
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند کە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و تاکو ئێستاش 95%ـی هەنگاوەکانی تێپەڕاندووە. ناوبراو ئاشکراشی کرد کە ڕێککەوتنە چوار ساڵەیەکەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا کۆتایی دێت و لە هەوڵی نوێکردنەوەیدان.
گەیشتن بە دواقۆناغی یەکخستنەوەی هێزەکان
دوای ڕێوڕەسمەکە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانەوە ڕایگەیاند، گەیشتوونەتە دوا قۆناغی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و گوتیشی "پرۆسەی چاکسازی بەردەوام دەبێت تاوەکو هێزی پێشمەرگە بتوانێت بگاتە ئاستێکی بەرز".
چوونە ناو قۆناغێکی نوێی مێژوویی
شۆڕش ئیسماعیل لەبارەی گرنگیی مەشقە هاوبەشەکانی دەڤەری یەک و دووەوە ڕاشیگەیاند، بەم قۆناغەی ئەمڕۆ و مەشقی سەربازیی هاوبەش لە نێوان دەڤەری یەک و دوو، هێزی پێشمەرگە پێ دەنێتە قۆناغێکی مێژوویی و پڕ دەستکەوتەوە و هەنگاو بە هەنگاو هێزەکان ڕێکدەخاتەوە.
پێگەی پێشمەرگە وەک دامەزراوەیەکی پێشکەوتوو
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی پێشمەرگە گەیشتووەتە ئاستی ئەوەی وەک دامەزراوەیەکی سەربازیی پێشکەوتوو بتوانێت لە مەیدانەکاندا کارەکانی خۆی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات.
ڕێژەی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی
وەزیری پێشمەرگە لەبارەی ڕێژەی جێبەجێکردنی پلانەکانەوە ڕاشیگەیاند، توانیویانە 95%ـی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازییان تەواو بکەن و لەبارەی بەردەوامیی پرۆسەکەوە دەشڵێت، گرفت ماوە بەڵام بەرەوپێشچوونەکان و دەستکەوتەکان زیاترن و بەردەوامیش دەبن.
مەرج و کاتی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتننامەکەی ئەمریکا
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بۆ ماوەی چوار ساڵ بووە و مانگی ئەیلوول ڕێککەوتنەکە کۆتایی دێت، بەڵام ئەوان لە هەوڵدان بەشێوەیەکی دیکە هاوکاری و پشتیوانی و هەماهەنگییان لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوام بێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا