
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 277 هەزار تۆن گەنم لە شارەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و لەو بڕە زۆرترینی دەکەوێتە پارێزگای دهۆک.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی، لەبارەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان لەپاش دەستپێکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران 277 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 86 هەزار و 297 تۆن گەنم وەگیراوە، لە هەولێر و گوێر زیاتر لە 94 هەزار 947 تۆن گەنم وەرگیراوە، لە سنووری دهۆک زیاتر لە 96 هەزار و 450 تۆن گەنم وەرگیراوە.
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە لە دەرەوەی پلانیش وەرناگیرێت و کۆمپانیا ناوخۆییەکان نایکڕنەوە بۆ دروستکردنی گەنم، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرمایەدار و بازرگانان رێکبکەون بۆ دیاریکردنی نرخێک بۆ کڕینەوەی گەنمەکە و فرۆشتنەوەی بە دەرەوەی وڵات.
لە هەرێمی کوردستان 11 سایلۆ و 2 بنکەی وەرگرتنی گەنم ئامادە کراون بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران. بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، ئەم سایلۆ و بنکانە توانای هەڵگرتنی 980,000 تۆن گەنمیان هەیە.
سایلۆکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتاییهاتنی پشکی دیاریکراوی جووتیاران بە کراوەیی دەمێننەوە. بەگوێرەی پلانی وەرگرتن، بڕی 292,000 تۆن گەنم لە چوارچێوەی پلانی فەرمی و 108,000 تۆن گەنم لە دەرەوەی پلان لە جووتیاران وەردەگیرێت، تاوەکو تەواوبوونی ئەم بڕە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەموو پارێزگاکان بەردەوام دەبێت



