
ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، نزیکەی 6 هەزار کەشتیوان لە گەرووی هوورمزدا گیریان خواردووە و داوای وەستاندنی هێرشەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات.
ئارسێنیۆ دۆمینگێز، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی لەبارەی بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانەوە ڕایگەیاند: "سەرکۆنەی هێرشەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو دەکەم بۆ سەر چەندین کەشتی کە بە گەرووی هوورمزدا تێدەپەڕین."
دۆمینگێز لەبارەی مەترسییەکانی سەر گیانی دەریاوانانەوە گوتیشی: "ئەم هێرشە بێباکانە جارێکی دیکە دەریاوانە بێتاوانەکانیان خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە"، هەروەها ئامۆژگاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد، خۆیان بەدوور بگرن لە ناردنی کەشتییەکانیان بە گەرووی هوورمزدا.
ڕاگەیەنراوی ڕێکخراوەکە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو، ئەمریکا هێرشی کردە سەر 80 پێگەی ئێران، لە نێویاندا سیستمی بەرگریی ئامانی، تۆڕەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، ڕاداری کەنار دەریاکان و کۆگاکانی مووشەک، جگە لە تێکشکاندنی زیاتر لە 60 بەلەمی خێرای سەر بە سوپای پاسداران لە دەوروبەری گەرووی هوورمز.
لە بەرامبەردا ئێران پێگە سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو و بەتایبەت، لە بەحرەین و کوێت کردە ئامانج.
لە سەرەتای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، داخستنی گەرووی هوورمز بووە کارتی فشاری ئێران بۆ سەر ئەمریکا، نزیکەی 2000 کەشتی لە گەرووەکە گیریان خوارد.
لە دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات، گەرووەکە کرایەوە، بەڵام تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەژێر پرۆتۆکۆڵێکی توندی ئێراندا بەڕێوە دەچێت.




