
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 290 حاڵەتی توشبوون و گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە.
سەیف یوسف، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، ڕۆژانە لەگەڵ تیمە تایبەتمەندەکانی وەک تەندروستی و ڤێتەرنەری، چاودێریی ئاماری توشبوون بە تای خوێنەربوون دەکەن لە تەواوی پارێزگاکان".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم هەفتەیەدا 26 حاڵەتی توشبوونی نوێ بە نەخۆشییەکە تۆمارکراوە، زۆرترین توشبوون لە بەسڕە بووە بە 10 کەس، نەینەوا پێنج کەس، بەغداد و زیقار هەریەکێکیان سێ کەس، میسان و دیالە دوو کەس و دیوانییە یەک کەس.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق باس لەوە دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 270 حاڵەتی توشبوون و 17 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
حاڵەتەکانی توشبوون و مردن بە تای خوێنبەربوون لە عێراق بەمشێوەیەی خوارەوە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبووە، زیقار 109 توشبوون و هەشت گیانلەدەستدان، بەسڕە 24 توشبوون و یەک گیانلەدەستدان، میسان 21 توشبوون، موسەننا 19 توشبوون و یەک گیانلەدەستدان، نەینەوا 16 توشبوون، واست 13 توشبوون و دوو گیانلەدەستدان، بابل 13 توشبوون و دوو گیانلەدەستدان، سەڵاحەدین پێنج توشبوون، بەغداد هەشت توشبوون و یەک گیانلەدەستدان، دیوانییە سێ توشبوون، کەربەلا و نەجەف هەر پارێزگایەک دوو توشبوون و ئەنبار یەک توشبووی تیادا تۆمارکراوە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەرکووک چوار توشبوون، هەولێر دوو توشبوون، سلێمانی دوو توشبوون.
