لە سنووری شارۆچکەى قەرەداغ ئاگرکەوتەوە
لە سنووری شارۆچکەى قەرەداغ ئاگرێک بە درێژایى نزیکەی سێ کیلۆمەتر کەوتەوە، بەهۆى سەختیى شوێنەکەشەوە، تاوەکو ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئاگرێک لە سنووری سەنگاوەوە گەیشتووەتە شاخەکانی قەرەداغ
عەبدوڵا حسێن، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، کاتژمێر 5:00ـى ئێوارەى ئەمڕۆ ئاگرێک بە درێژایی نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە سنووری شارەدێى سەنگاوەوە داخڵی سنووری شارۆچکەى قەرەداغ بووە لە ئاستی گوندەکانی خاوێ و مێوڵی.
هەوڵی کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی دراوە

ئاماژەى بەوەشکرد، دەستبەجێ، تیمەکانی پۆلیسی دارستانی قەرەداغ، بەرگریی شارستانیی قەرەداغ و گوندنشینانى سنوورەکە دەستیان بە هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردن و ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە کرد.
نزیکەی لە 70% ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە
گوتیشى، تاوەکو ئێستا، بەڕێژەی نزیکەی 70% ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام بەهۆی سەختیی ناوچەکە و دژواریی گەیشتن بە هەندێک شوێن، تیمەکان لە هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، تووشی ئاستەنگی بوون و هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنى تەواوى ئاگرەکە بەردەوامە.
یەکەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەیە لە سنووری قەرەداغ
بە گوتەى عەبدوڵا حسێن، لەمساڵدا ئەوە یەکەم حاڵەتى کەوتنەوەى ئاگرە لە شاخەکانى سنوورى قەرەداغ، بەڵام پێشتر لە ناوچە دەشتاییەکان چەند حاڵەتێکى ئاگرکەوتنەوەیان هەبووە.

2 کاتژمێر پێش ئێستا