واشنتن پۆست: ئەمريکا بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆیی دەريای سەر ئێران 19 کەشتی جێگيرکردووە

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کاروانێکی هێزی دەریایی ئەمریکا
کاروانێکی هێزی دەریایی ئەمریکا

ئەمريکا بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆیی دەريای سەر ئێران 19 کەشتی جەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگيرکردووە و زۆرينەيان لە باکووری دەريای عەرەبيدان، ترەمپيش کۆنگرێسی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی شەڕ دەستيپێکردووەتەوە.

وردەکاری کەشتییە جەنگییە جێگیرکراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە

بەرپرسێکی ئەمريکی بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی گوتووە، ئەو کەشتييانەی واشنتن لە ناوچەکە جێگيريکردوون، دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر کە کەشتی فڕۆکەهەڵگری يو ئێس ئێس ئەبرەهام لينکۆڵن و يو ئێس ئێس جۆرج دەبليو بوش، 13 تێکشکێنەر و چەند کەشتييەکی ديکە لەخۆدەگرێت.

پاڵپشتی بەهێز بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی

زۆری ژمارەی ئەو کەشتييانە، پاڵپشتييەکی بەهێزە بۆ ئەمريکا بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆی دەريایی و ئامادەبوونی سەربازی لە ناوچەکەدا.

بوونی ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمریکا لە ناوچەکە باس نەکراوە

بەرپرسە ئەمريکييەکە باسی لە بوونی ژێر دەريای ئەتۆمی ئەمريکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکردووە، چونکە هێزی دەریایی ئەمریکا ڕەتیدەکاتەوە شوێنی جێگیرکردنیان ئاشکرا بکات.

ئەمشەو گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

بەگوێرەی ڕاگەيێنراوی سێنتکۆم، گەمارۆی دەريای ئەمريکا بەسەر ئێراندا کاتژمێر 11ـی ئەمشە و بە کاتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هاوشێوەی پێشوو گەمارۆکە جیبەجێ دەکرێت

ڕاشیگەیاندووە، هاوشێوەی پێشوو، ئەم گەمارۆیە بەسەر هەر کەشتييەکدا جێبەجێدەکرێت کە بەرەو ئێران بڕوات يان لە بەندەرەکانییەوە بێت.

ڕێگرییەکانی گەمارۆی پێشووی ئەمریکا لە ناوچەکە

لە گەمارۆی پێشوودا، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا ڕێگرييان لە زیاتر لە 140 کەشتی بازرگانی کرد، لە نۆ حاڵەتدا ئەو کەشتييانە پابەندنەبوون بە گەڕانەوە و سەربازانی ئەمريکا تەقەيان لە مەکينەکەی کردووە بۆئەوەی لەکاری بخەن.

بەگوێرەی واشنتن پۆست ترەمپ ڕۆژی دووشەممە کۆنگرێسی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووەتەوە، چونکە هەڵگيرسانی جەنگ بۆ ماوەی زياتر لە 60 ڕۆژ پێويستی بە مۆڵەتی کۆنگرێس هەيە.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا