
سەرۆککۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، تاران لە دانوستانەکاندا پابەندی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بووە و هیچ ئیمتیازێکی بەپێچەوانەی بنەماکانی شۆڕش بە واشنتن نەداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی لە هیچ کام لەو 14 بەندەی لە لێکگەیشتنی ئەمدواییەی نێوان تاران و واشنتندا هاتووە، پاشەکشەی نەکردووە. جەختی کردەوە کە بەدواداچوونە وردەکان نیشانی دەدەن بەشێکی زۆری دەستکەوتەکانی ئەم لێکگەیشتنە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە و هیچ بەندێک نییە تەنیا بەرژەوەندیی یەکلایەنە بۆ لایەنی ئەمریکی فەراهەم بکات.
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، پاراستنی مافەکان، بنەماکان و بەهاکانی شۆڕش هێڵی سووری ئەوان بووە لە گفتوگۆکاندا. پزیشکیان ڕوونیکردەوە کە هیچ ئیمتیازێک بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئێران نەدراوە و تاران توانیویەتی لە چوارچێوەی ئەو لێکگەیشتنەدا پێگەی خۆی بپارێزێت.
پزیشکیان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند، ئێران لە ئێستادا لە دۆخێکی هاوشێوەی جەنگ و نائاساییدایە. ئاماژەی بەوە کرد، بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناخەدا بە ڕێکار و یاساکانی ڕابردوو جێبەجێ ناکرێت و پێویستیان بە یەکڕیزی، تەبایی و هاوکاریی نێوان سەرجەم دەسەڵاتەکانی دەوڵەت هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر کێشەکانی ناوخۆ و ڕایگەیاند، بۆ حکومەت قبووڵکراو نییە کە هاووڵاتییان بەدەست هەژاری، بێکاری و کێشەی بژێوییەوە گرفتار بن. پزیشکیان بەڵێنیدا کە بە جیددی کار بۆ چاکسازیی لە پێکهاتە نادادپەروەرەکان دەکەن و هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی وڵات چڕ دەکەنەوە.